نازم هەرکی: لە ئەنجامدا بژاردەیەک بۆ خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ دەگرینەبەر

 نازم هەرکی: لە ئەنجامدا بژاردەیەک بۆ خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ دەگرینەبەر
جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە وەرزی یاسادانانی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی پێنجدا بژاردەیەک بۆ خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش دەگرینەبەر.

نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕايگەیاند: "زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش کە خزمەتێکی زۆریان کردووە، پێویستە یاساییەکی خانەنشینییان بۆ دەربکرێت کە شیاوی ئەوان بێت، ئێمەش وەک لێژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمان لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و تەنانەت دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و ڕا و تێبینییەکانمان بۆ پرۆژەکە وەرگرتن".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو پرۆژە یاسایەی خانەنشینی تا ئێستا خوێندنەوەی دووەمی بۆ نەکراوە، لە وەرزی یاساداناندا لە مانگی پێنج دوو بژاردە بۆ خانەنشینکردنی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ دەگرینەبەر، یان ئەوەتا بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی کە کارمان لەسەر کردووە، خانەنشین دەکرێن و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەکە دەکرێت، یان دەبی یاسای یەکگرتووی عێراق بۆ هێزەکانی ناوخۆ جێبەجێ بکرێ، هێزەکانی ناوخۆش لەگەڵ جێبەجێکردنی یەکێک لەوانەن".









باسنيوز
Top