كاوە ئازیزی: راگرتنی شەڕ بە دوور دەبینم.. هیچ لایەنێك پابەندی ئاگربەست نییە لە سووریا

كاوە ئازیزی: راگرتنی شەڕ بە دوور دەبینم.. هیچ لایەنێك پابەندی ئاگربەست نییە لە سووریا
سەرەڕای دەركردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی، هێشتا شەڕ و پێكدادان لە سووریا بەردەوامە و، بەرپرسێكی ئەنەكەسەیش دەڵێ، هیچ لایەنێك باپەندی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش نەبووە و بڕیارەكەیش بە زۆری نەبووە و نەسەپێندراوە.

رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری ژمارە 2401ی بە كۆی دەنگ پەسەند كرد و لە بڕیارەكەدا هاتووە، پێویستە بۆ ماوەی یەك مانگ ئاگربەست لە سووریا رابگەیێندرێت و هەموو ناوچە و هێزەكانیش دەگرێتەوە، لەو بارەیەوە دكتۆر كاوە ئازیزی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای كاروباری سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش، بڕیارێكی بە زۆر نییە بۆ جێبەجێكردن و تەنیا لە ڕووی ئەخلاقییەوە پێویستە لایەنە شەڕكەرەكان پابەندبن پێوەی".

ئازیزی ڕوونیشی كردەوە: "تا ئێستا هیچ لایەنێك پابەند نەبووە بەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە و، توركیا، ڕووسیا، سووریا و هێزەكانی پەیەدە و ئۆپۆزسیۆن بەردەوامن لە هێرش و شەڕكردن، باوەڕیش ناكەم هیچ لایەنێك گوێ لەو بڕیارە بگرێت و جێبەجێی بكات".

هەر لە بڕیاری 2401ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە: "داوا لەگشت لایەنەكان دەكەین رێگە بە تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیمەكانی فریاكەوتن و پزیشكی بدرێت بۆ سەردانیكردنی ئەو ناوچانە، هەروەها گەمارۆ لەسەر ئەو ناوچانە هەڵبگیرێت كە هاووڵاتی سڤیل تێیدا نیشتەجێن، بە ناوچەی غۆتەی رۆژهەڵاتیشەوە".

نزیكەی دوو مانگە توركیا ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتوونی دەست پێ كردووە بۆسەر شاری عەفرین و، لە هەریەك لە ناوچەكانی عەفرین و غۆتە رەوشی مرۆیی گەییشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار كە رۆژانە هاووڵاتیی سڤیل دەبنە قوربانی، لەو بارەیەوە دكتۆر كاوە ئازیزی گوتی: "بە داخەوە رەوشی ناوچەكە زۆر ئاڵۆزە و پێشبینیی ئەوە ناكرێت شەڕ كۆتایی بێت، بە پێچەوانەوە هەموو هێزەكان لە سووریا و بە تایبەت رۆژئاوای كوردستان، موكڕن لەسەر شەڕكردن، لەبەر ئەوەیش نیەتی راگرتنی شەڕ بە دوور دەبینم".

kdp-
Top