هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئەوقاف پەخشی بەرنامەیەکی کەناڵی (پەیام) ڕادەگرن
فاروق عەلی، بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانیی (پەیام)، زمانحاڵی فەرمیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "بە نامەی فەرمیی هەردوو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادار کراوینەتەوە، بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی ئەوقاف نابێت لە كەناڵەكەمانەوە پارە بۆ كەسانی هەژار كۆ بكرێتەوە، هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو بەرنامەی (بەخشین) پەخشكرا، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری پەیوەندیی پێوەكردین بۆ ئەوەی پەخشی بەرنامەكەمان ڕابگرین، ئەگەر بەرنامەكەمان ڕانەگرین ئەوكاتە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبینەوە".
فاروق عەلی ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و ئەوقاف گومانیان لە هەندێك شوێنی دیكە هەیە نابێت تەڕ و وشك پێكەوە بسووتێنێت، چونكە بەرنامەی (بەخشین) پەیوەستە بە كەسانی هەژارەوە و ئێمە هاوكارییەكانمان بۆ كەسانی هەژار و نەدارە و بێگومان بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە هەموو ڕێوشوێنێكی گونجاو دەگرینەبەر بۆ ئەوەی بزانین چۆن چارەسەری ئەو گرفتە بكەین".
بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانیی (پەیام) ڕەتی كردەوە، بەهۆی ناشەفافی لە داهاتی بەرنامەی (بەخشین) پەخشی ئەو بەرنامەیە ڕاگیرابیت و ڕای گەیاند، تەنها ئەو نامەیە بۆ كەناڵی پەیام نەهاتووە، بەڵكوو بۆ چەند كەناڵێكی دیكە نێردراوە، دواجار بەرنامەی (بەخشین) لێژنەیەكی باڵای هەیە كە چاودێریی ئەو پارەیە دەكات كە بۆ بەرنامەكە كۆ دەكرێتەوە، بێگومان ئەو لێژنەیە ئامادەیە داتاكانی كۆكردنەوەی هاوكاری و خەرجی ئاڕاستەی هەر لێژنەیەكی چاودێری بكات بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتیی سەرفكردنی پارەكە بكات".
باسنيوز
