ئیمان بە حەق و عەدالەتخوازی و خەباتكردن لە دژی زۆردار، لە خەسڵەتە دیارەکانی بارزانیی نەمر بوون

ئیمان بە حەق و عەدالەتخوازی و خەباتكردن لە دژی زۆردار، لە خەسڵەتە دیارەکانی بارزانیی نەمر بوون
ئەمڕۆ 39 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سەركردە و رابەر و سیمبولی كوردستان بارزانیی نەمردا تێپەڕ دەبێت. پێشمەرگەكانی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دەڵێن، بارزانیی نەمر بەردەوام هەوڵی داوە كورد یەكدەنگ و یەكڕەنگ بێت و، ئامانجی هەرەگەورەشی ئەوە بووە كە بتوانێت خزمەتی میللەتەكەی خۆی بكات و گەلی كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات.

شاكر حوسێن، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "لە ساڵی شەستەكان و لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا من بارزانیی نەمرم بینی، كە ئەو كات تەمەنی من 20 ساڵ بوو، بارزانیی نەمر، سەركردە و سیمبولی نەتەوەی كوردە، بارزانی لە قوتابخانەیەك پێگەیشت، کە قوتابخانەی بارزانە. بارزانیی نەمر باوەڕێكی زۆری بەو ئامانجە هەبوو كە بۆی تێدەكۆشا و خەباتی بۆی دەكرد، لە پێناو گەلەكەی ئامادە بوو گیانی خۆی بكاتە قوربانی، هیچ كاتێك حیسابی بۆ دوژمن نەدەكرد و لە دوژمن نەدەترسا، لەگەڵ ئەوەی كەسێك بوو بەردەوام دەستی هەژارانی دەگرت و بەردەوام لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بووە، نانێکی هەبایە خۆی برسی دەكرد و ئەویشی دەدایە پێشمەرگە."

مستەفا شێخ محەممەدی بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) شۆڕشگێڕ و سیاسەتوانێکی کورد بوو.
مستەفا بارزانی، لە ساڵی ١٩١٩ـەوە بەشداریی شۆڕشەکانی کوردی کردووە بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکاندا. تا لە ساڵی ١٩٤٣ بزووتنەوەی کوردی و خەباتی پێشمەرگایەتی له‌ باشوور، بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، بەرپا کرا.
لە ساڵی ١٩٤٥ و دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھان و کشانەوەی ڕووسیا لە ئێران و کۆتاییھاتنی کۆماری كوردستان، شەڕ لە نێوان ھێزەکەی مەلامستەفا و ھێزەکانی ئێران دا دروست بوو و، لەوێ ھێزەکانی کوردستان دوای بەرگرییەکی توند، توانییان خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی سنووری یەکێتیی سۆڤیێتی جاران، ماوەی ١٢ ساڵ لەو وڵاتەدا مانەوە
پاش ساڵانێکی زۆر لە ئاوارەیی، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨دا گەڕایەوە عێراق. ئەویش پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو کە عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی لە عێراقدا گرتبووە دەست و سیستەمی کۆماری ڕاگەیاندبوو. لە کاتی گەڕانەوەیدا سەروەری و ڕێز و نەوازشێکی زۆری لێ نرا، بەڵام بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم بەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو و ھەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی کورد، لە ‌ئەیلوولی ١٩٦١دا مەلامستەفا بارزانی شۆڕشی دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕاگەیاند.

حاجی ڕەسووڵ، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بارزانیی نەمر سەرکردەیەکی سادە بوو و هەر بەو شێوەیەش ژیاوە، زۆر گرینگی بە جلوبەرگ و خواردن نەدەدا، بەردەوام هەوڵی داوە كورد یەكدەنگ و یەكڕەنگ بێت و هەمیشە ڕێزی لە بیروبۆچوونی جیاواز گرتووە، هەموو خەبات و تێکۆشانی بۆ ئەوە بووە كورد سەربەخۆ بێت و بە مافەكانی بگات، خەون و ئامانجی گەورەی ئەوە بوو كە وا بتوانێت خزمەتی میللەتەكەی خۆی بكات و، بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر میللەتی كورد هەیە نەهێڵێت، مافی كورد بە دەست بهێنێت و میللەتی كورد وەكو میللەتەكانی تر بە ئاشتی و ئازادی بژیت. بارزانی دەیەویست کورد تەعدا لە كەس نەكات و كەسیش تەعدای لێ نەكات، ژیانێکی سەربەرزانە بۆ تاكی كورد دابین بكات و خزمەت بە گەلەكەی خۆی بكات."

خورشید وەسمان، کە ئەویش پێشمەرگەیەكی دیكەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بارزانیی‮ ‬نەمر سەركردەیەكی‮ ‬نەتەوەیی‮ ‬بوو،‮ ‬باوەڕی‮ ‬بە دواڕۆژ هەبوو،‮ بڕوای بەوە بوو ڕۆژێك هەر دێت كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی دەگات، ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە حەق و عەدالەتخوازی و خەباتكردن لە دژی زۆردار و رەتكردنەوەی ژیانی بندەستی، لەو خەسڵەتە دیارانەی بارزانیی نەمر بوون كە لە مەكۆی بارزان و لە قوتابخانەی خۆنەویستی و شۆڕشگێریدا پێی گۆش كرابوو، دواتر هەر ئەو بنەمایانە بوون كە بەو هۆیەوە بارزانی نەمر دیدو پەیڕەوەێكی بۆ بزافی ڕزگاریخوازی كوردستان ڕەنگ رێژ كرد."

مام خورشید، زیاتر گوتی: "بارزانیی نەمر جیاوازی لە نێوان هیچ كەس و لایەنێكدا نەدەكرد، وەكو یەك سەیری هەمووانی دەكرد، جا لە هەر پێكهاتە و نەتەوەیەك بایە، هەتا لە شۆڕشی ئەیلوول جگە لە كورد پێكهاتەكانی دیكە هەبوون و لەناو شۆڕش بەرپرسیارەتییان هەبوو، بۆیە جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكان و لایەنەكاندا نەدەكرد".

مەلامستەفای بارزانی، لە دوای ساڵی ١٩٧٥، تووشی نەخۆشی دەبێت، بۆیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی، دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ کۆچی دوایی دەکات، دواتر ڕووفاتەکەی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بە خاک دەسپێردرێت، دوای ڕاپەڕین، لە مەراسیمێکی گەورەدا، ڕووفاتەکەی بۆ ناوچەی بارزان دەگەڕێندرێتەوە.
ئێستا مەزارگەی مەلامستەفا بارزانی، بووەتە شوێنێک کە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچی دواییکردنیدا، نیشتمانپەروەرانی کورد لە تەواوی ناوچەکانی کوردستاندا، وەک نەریتێکی ساڵانە، ڕوو لە دەڤەر و گوندی بارزان دەکەن.
ڕۆژانەش قوتابیان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، وەک ڕێزگرتنێک لە خەباتی ساڵەھای ساڵەی مەلامستەفا بارزانی، دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.
kdp-
Top