لە بنەسڵاوە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە

لە بنەسڵاوە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ لە بنەسڵاوە بۆمبێك به‌ ئۆتۆمبێڵی به‌رپرسێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران تەقییەوە، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ئاشكرای كرد، ئۆتۆمبێڵه‌كه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ هاتووه‌ و هێشتا ئه‌نجامده‌رانی ده‌ستگیر نه‌كراون.

دكتۆر تارق نووری، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ كاتژمێر 4 و چه‌ند خۆله‌كێكی ئیواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر (بنه‌سلاوه‌) ڕووی داوه‌، ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی بۆمبی لكێندراو بووه‌ به‌ ئۆتۆمبێڵی به‌رپرسێكی ئۆپۆزسیۆنی ئیران، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا كه‌سێك گیانی له‌ده‌ست داوه‌ و كه‌سێكی دیكه‌ش بریندار بووه‌، دوابه‌دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌."

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "ئه‌و به‌رپرسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ كراوه‌ته‌ ئامانج ئۆتۆمبێڵێكی جۆری هیوندای سه‌نتافیی لا بووه‌ و دوێنێ له‌ سلێمانی گه‌ڕاوه‌ته‌ بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كاتێك كاری به‌ ئۆتۆمبێڵه‌كه‌ی كردووه‌ دیاره‌ به‌ هۆی ئه‌و بۆمبه‌وه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌."

دكتۆر تارق نووری گوتی: "هێزه‌كانی ئاسایش ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ و تا ئێستا هیچ كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی ته‌قینه‌وه‌كه دەستگیر نەکراوە‌، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌نجامده‌رانی ده‌ستگیر ده‌كرێن."
kdp-
Top