هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە ئیلام لەسێدارە درا
ماڵپەڕی مافی مرۆڤی (هەنگاو) دوێنێ چوارشەممە 2018/2/28 لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیلام بەندکراوێک بەناوی مەهدی کازمنیا، تەمەن 28 ساڵ، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە بێدەنگی لەسێدارە دراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو گەنجە کوردە بە تۆمەتی کوشتنی هاوڕێیەکی خۆی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەدوە سزای سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، بڕیار بووە بە دانی دیە (خوێنبایی) سزای سیدارەکەی هەڵبوەشێتەوە و بنەماڵەکەی سەرەڕای هەوڵی زۆر کە دابوویان، بەڵام نەیانتوانیبوو، ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن.
ساڵانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە سەدان هاووڵاتیی کورد و نەتەوەکانی دیکە بە تۆمەتی کوشتن و نەبوونی پارە بۆ دانی خوێنبایی بە بنەماڵەی کوژراو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لەسیدارە دەدرێن.
باسنيوز
