پەرلەمانتارێک: عەبادی ئامادە نییە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرکۆمار لەسەر پرسی بوودجە کۆ ببێتەوە
ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی ڕای گەیاند: ”عەبادی نایەوێت لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی پرسی بوودجەوە کۆ ببێتەوە، هەرچەندە گوتراوە سبەی کۆ دەبنەوە، بەڵام خۆی دەڵێت ئەو بڕیارەی لەبارەی بوودجەوە داومە، بڕیارێکی دروست بووە و من تەنازولیشی لێ ناکەم، چونکە ١٢٠٦٧٪ بەشی هەرێمی کوردستانیش هەر ئەوەندەیە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "کە گۆڕانکاری لە بڕیاری بوودجەدا دەبێتە تەنازوول لە پێش چاوی جەماوەرەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نایەوێت یاسای بوودجە تێبپەڕێنرێت و حەزیش ناکات تێبپەڕێنرێت دەیەوێت دەنگی لەسەر نەدرێت، بۆ ئەوەی مانگانە یەک لەسەر ١٢ی خەرج بکات، بێگومان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیشدا سوود لەو پارەیە وەردەگرێت".
ئیسلام حوسێن ئاماژە بۆ ئەوەش کرد: "ئەگەر چی هیچ پارەش خەرج نەکرێت، بەڵام ئەوان وەک نوێنەرانی کورد نایانەوێت بڕی ١٧٪ی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەیی گشتی عێراق کەم ببێتەوە، بەڵکوو دەیانەوێت وەک ڕێژە ئەو پارەیە بمێنێت، چونکە لەوانەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ پەرلەمانە نوێییەکەدا لە داهاتوو باشتر ببێت و دۆخەکە بگۆڕدرێت، هەر بۆیە ئێمە ئامانجمان ئەوەیە بڕێ ١٧٪کە دەستکاری تێدا نەکرێت".
باسنیوز
