سەعدی پیرە: عەبادی لە بەڵێنەکانی پەشیمان دەبێتەوە

 سەعدی پیرە: عەبادی لە بەڵێنەکانی پەشیمان دەبێتەوە
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەڵێنەکانی خۆی پەشیمان دەبێتەوە.



سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایدەگەیەنێت، کە رۆژی چوارشەممە 28/2/2018 نزیکەی 20 کەسایەتیی و سەرکردەی حزبە سیاسییەکانی کوردستان و سەنتەری مێری، سەردانی شاری نەجەف دەکەن.



سەعدی پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە لە شاری هەولێر سازی کرد، رایگەیاند، ئەو شاندەی لە کوردستانەوە دەچێت، لە سەحنەی ئیمام عەلی لە نەجەف، لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ دەبنەوە.



گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەروەها رایگەیاند، کە رۆژی پێنجشەممە 1/3/2018 لە نەجەف بەشداریی پانێڵێک دەکەن، کە لە پانێڵەکەدا، گرووپی چەند کەسی لە هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق بەیەکەوە دادەنیشتن و تاوتوێی کێشەکانی عێراق دەکەن.



سەعدی پیرە لەبارەی بەڵێنەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ناردنی مووچە و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، عەبادی شەو شتێک دەڵێت و بە رۆژ لێی پەشیمان دەبێتەوە.



پیرە پێی وایە لێدوانەکانی حەیدەر عەبادی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە وەک بانگەشەی هەڵبژاردنە و هەر بەڵێنێکیش بدات، ئەگەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان نەکاتەوە، پێکهاتەی عەرەبی سوننەمەزهەب و کورد پشتگیریی ناکەن بۆ بوونەوە بە سەرۆک وەزیران.




باسنیوز
Top