باڵیۆزی تورکیا یەکەم کاردانەوەی وڵاتەکەی لەبارەی ئازادکردنی ساڵح موسلیم دەردەخات

 باڵیۆزی تورکیا یەکەم کاردانەوەی وڵاتەکەی لەبارەی ئازادکردنی ساڵح موسلیم دەردەخات
باڵیۆزی تورکیا لە چیک یەکەم کاردانەوەی وڵاتەکەی لەبارەی ئازادکردنی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، دەردەخات.

ئەحمەد نەجاتی بیگاڵی، باڵیۆزی تورکیا لە پراگی پایتەختی چیک بە ئاژانسە هەواڵییە جیهانییەکانی راگەیاندووە، ئازادکردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم) ”پێچەوانەی رێککەوتنی رادەستکردنی بە تورکیا بوو“.

ئەحمەد نەجاتی بیگاڵی هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی نیگەرانە لەو بڕیارەی دادگای چیک و ”بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ تورکیا“.

باڵیۆزی تورکیا هۆشداریشی داوەتە حکوومەتی چیک، لەوەی ئازادکردنی ساڵح موسلیم ”کاریگەریی دەکاتە سەر پەیوەندییەکانی پراگ و ئەنقەرە“.

رۆژی سێشەممە 27/2/2018، دادگای باڵای چیک دەستی بە دادگاییکردنی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم)، کرد و بڕیاری ئازادکردنی داوە.

دوای دەستگیرکرانی هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە لەلایەن پۆلیسی چیکەوە لە رۆژی یەکشەممە 25/2/2018، حکوومەتی تورکیا دەستی بە جموجۆڵ کرد بۆ رازیکردنی دەسەڵاتدارانی چیک بە رەوانەکردنی ساڵح موسلیم بۆ تورکیا.

میدیاکانی پەکەکە بڵاویان کردووەتەوە، ساڵح موسلیم، کە هاووڵاتییەکی سوورییە، بە سەردانێکی فەرمیی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک، لە چیک بووە و لە رۆژی شەممە 24/2/2018ـەوە لەلایەن کارمەندانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ـەوە خرابووە ژێر چاودێری.

رۆژی 13/2/2018، حکوومەتی تورکیا ساڵح موسلیمی خستە ناو لیستی تیرۆری سوور، کە بەپێی بنەماکانی تورکیا، لیستی سوور بە ”ترسناکترین تیرۆریستەکان“ دادەنرێت و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە.

حکوومەتی تورکیا بڕی چوار ملیۆن لیرەی تورکی ( نزیکەی یەک ملیۆن 500 هەزار دۆلار)ی بۆ هەر کەسێک کردبووە خەڵات، کە زانیاریی بۆ دەستگیرکردنی ساڵح موسلیم، دەدات.





باسنيوز
Top