مامۆستایەكی ئایینی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر ریسوا دەكات

 مامۆستایەكی ئایینی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر ریسوا دەكات
مامۆستایەكی ئایینی لە شاری شاری هەولێر، گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر کە بە ڕێككەوتن كەركووك و خورماتوویان ڕادەستی حەشدی شەعبی كرد، ریسوا دەكات.

لەمیانی گوتاری رۆژی هەینی دا، مامۆستا مەسعود كانی كوردەیی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی محەمەد فەوزی لە شاری هەولێر، گوتارەكەی بە پرسیارێك دەستپێ دەكات دەڵێت: " ئەوانەی خیانەتیان لە كەركووك كرد و ئەو شارەیان فرۆشت بە حەشدی شەعبی، پێیان دەڵێم ئایا هێرشی سەر عەفرنیش لە سەر ریفراندۆم بوو؟”.

دووپاتیشی دەکاتەوە: ”پێویستە ئەو كەسە ڕاستۆگۆیانە وەڵامیان هەبێت، لە بەرامبەردا منیش دەڵێم ئایا هێرشەكانی سەر عەفرین لە سەر ریفراندۆمەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو؟، ئەوانەی كە كەركووك و خورماتوویان فرۆشت خاینن، چونكە دەستدرێژی كراوە سەر ئافرەتی كورد لەو ناوچانە، ئێستاش ئەو كەسانە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە هێز دەنێرن بۆ عەفرین؟“.

هاوكات لەو وتارەیدا مامۆستا مەسعود ئەوەشی خستەڕوو، كەركووك و خورماتوو ”بۆ ئێمە لە عەفرین گەورەترە، با بڕۆن ئەو ناوچانە رزگار بكەنەوە، ئینجا باس لە عەفرین بكەن“. گوتیشی: ”ئەوانە (كە مەبەست لێی گروپی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەرە) ئەوەندەی پردێ خۆیان بگرتبا و لە كەركووك ڕووبەڕوویان بوونایەتەوە، دۆخی كورد نەدەگەیشتە ئەمڕۆ".

لە بارەی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر عەفرین، مامۆستا مەسعوود باسی لەوە كرد، ئەگەر تورکیا هەر بیەوێت عەفرین داگیر بکات، ئەوا دەبێ بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر تەرمەکانیان ببەنەوە.
Top