"هێزە عێراقییەکان لە دەوروبەری کەرکووک پاشەکشەیان کردووە"
عەقید ھێمن ساڵح، فەرماندەی لیوای پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک ھێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە بەردەوام چاودێریی جووڵەی ھێزەکانی عێراق و داعش دەکەین لە سنووری کەرکووک. ڕۆژئاوای کەرکووک لە سنووری مەلا عەبدوڵڵا و دوبز پێکھاتووە، باشووری کەرکووکیش قەزای داقووق تا حەویجە لە خۆ دەگرێت، ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزە عێراقییەکان زۆربەی سەنگەرەکانیان چۆڵ کردووە و ڕەبایەکانیشیان وەک خۆی ماوە و تێک نەدراون، بەتایبەتی دوێنێشەو زۆرێک لە شوێنی ستراتیژیی مەلا عەبدوڵڵا و دوبز و داقووق لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە چۆڵ کراون و هێزەکانی داعش بە ژمارەیەکی زۆر بەرچاو لە ڕیاز و حەویجە زیادیان کردووە."
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "بە ھۆی پاشەکشەی ھێزە عێراقییەکانەوە ئێستا ئەو شوێنانەی چۆڵ کراون بوونەتە شوێنی حەوانەوەی داعش، گرووپی تیرۆریستیی داعش دەستیان بە چالاکی کردووە، بەڵام لە ترسی فڕۆکە شوێنی تایبەت بە خۆیان نییە، ھەر بە شێوەی پارتیزانی دەستی خۆیان لە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی دەوەشێنن."
عەقید ھێمن ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "تەنانەت زانیاریمان ھەیە دوێنێ لە نێو سەنتەری حەویجە و ناحیەی ڕیاز ئۆتۆمبێلی داعش بە ئاشکرا ھاتوچۆی دەکرد، ھێزەکانی عێراقیش تەنیا لە نێو بارەگای خۆیاندا ماون و توانای بەرەنگارییان نەماوە، بەر لە چوار ڕۆژ داعشەکان دەستیان بەسەر سێ گوندی دەوروبەری کەرکووکدا گرت و دوای کوشتنی ژمارەیەکی بەرچاوی حەشد، بۆ بەیانییەکەی خۆیان گوندەکانیان چۆڵ کرد."
لەبارەی مەترسی بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، عەقید ھێمن ساڵح دەڵێ: "ئێستا داعش تەنیا ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی دەکەنە ئامانج و شانە نوستووەکانی داعش زیاتر لە سنووری ئەوانن، نەک لە سنووری پێشمەرگە."
پێوەست بەو بەیانەی شانەی جەنگیی عێراقی بڵاوی کردەوە، گوایە زانیارییەکان دەربارەی پاشەکشەی ھێزە عێراقییەکان بنەمایان نییە، عەقید ھێمن ساڵح گوتی: "ئەگەر شانەی جەنگی ڕاست دەکات ئەی بۆچی بەرزاییەکانی مەلا عەبدوڵڵا و کارگەی غازی کەرکووک و ناوچەی کاکەییەکان ھیچ ھێزێکی عێراقییان تێدا نەماوە."
kdp-
