پەرلەمانتارێکی پارتی: گۆڕان بۆ موزایەدە ھەوڵی تێکدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی داوە
نازم ھەرکی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "چوونە دەرەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 30/1/2018ی پەرلەمانی عێراق، تەنیا موزایەدەی سیاسیی دوور لە خزمەتی گەلی کوردستان بوو“.
پرسیاری ئەوەشی کرد کە ئاخۆ ئەو هەڵوێستەی گۆڕان ئێستا بۆ عەفرین داوای دەکات، بۆچی ”پێش ماوەیەک بۆ کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکان کە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە داگیر کران، نەبیندران؟ بۆ داوای کۆبوونەوەی نائاساییان نەکرد؟ ئەگەر ئەوەندە بەپەرۆش و خەمخۆر بوونایە، دەبوو وەک فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان بەشدارییان لە نووسینەوەی ڕاسپاردەکان بۆ عەفرین بکردایە و ھاوشێوەی فراکسیۆنەکانی دیکە ڕاپۆرتی خۆیان خوێندبایەوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان کردوویەتی، ”بۆ چەواشەکردنی خەڵک بووە و نەیانویست بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەرگری لە عەفرین بکرێت“. گوتیشی: ”دەیانەویست کۆبوونەوەکە تێک بدەن و نەکرێت و ڕاسپاردەکانیش دەرنەچێت، ھەروەھا دەیانەویست بابەتەکە ھاوشێوەی بابەتی کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی لێ بێت، ئەوەش جێگای داخە".
باسنیوز
