گارێت ستەنسفیڵد: لەوانەیە هێرشی سەر عەفرین ناوچەکە سەرەوژێر بکات

گارێت ستەنسفیڵد: لەوانەیە هێرشی سەر عەفرین ناوچەکە سەرەوژێر بکات
گارێت ستەنسفیڵد پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئێکسێتێری بەریتانی لە وتارێكیدا كە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، باسی لەشكركێشییەكەی توركیا بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەكات و دەڵێ ئەگەری هەیە ئەم هێرشە، دۆخی ناوچەكە سەرەوژێر بكات.


ستەنسفیڵد كە پرۆفیسۆری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوینە لە ئەنستیتۆی توێژینەوەی ئیسلامی و عەرەب لە زانکۆی ئێکسێتێر، لەبارەی دۆخی ئێستەی ناوچەكە و بەرخۆدانی كوردانەوە نووسیویەتی "ئەم بەرە تازەیە تەنها تێکهەڵچوونێکی لۆکاڵی نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێت بە سەرهەڵدانێکی بەربڵاوی کوردەکان کە سەر لەبەری نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت".

هەروەها لە وتارەكەدا هاتووە "کوردەکان لە هەر وڵاتێک کە دەژین، بوونیان لە ژێر مەترسییەکی گەورەدایە. لە ئێران خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات و لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەتوندی لە ژێر زەبروزەنگێکی بەرچاودان، لە کاتێکدا لە عێراق کوردەکانی باکوور لەگەڵ چالاکییەکی سەربازی زۆر ڕێکخراودا بەرەوڕوو بوونەوە. ئەوان هەروەها کەوتنە بەر دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماتێك کە نیشان دەدات، تەنانەت لە دونیای سیاسەتی شکێنەری ڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا، ئارمانجی کوردەکان دەتوانێت عێراق، ئێران و تورکیا وا لێبکات کە بە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت. تەنانەت لەوەیش سەیرتر، دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا بوون کە دژ بە کوردە هاوپەیمانەکانیان لە عێراق، کە ئەو هەمووە لە شەڕی دژ بە داعش بۆیان گرینگ بوون، یەکڕیز بوون. شێوەی بیرکردنەوەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا مەنتیقێکی تێدا بوو – تەنانەت ئەگەر بابەتییانەیش بڕوانین – چونکو ئەوان دەستەبەری سیاسەتێك بوون کە پارێزگاری لە تەواوەتی خاکی عێراق دەکرد. بەڵام لە گۆشەنیگای کوردەکانەوە ئەوان لەکاتی پێویستدا وەکیلێکی باش بوون، لەوە بەدەر دۆستانێك بوون کە لەبیر دەکران".


نووسەرە ئینگلیزەكە لەبارەی هێزەكانی یەپەگە و ئیدارەی عەفرینەوە نووسیویەتی "ئەم کڵێشەیە خەریکە لە باکووریترین خاڵی سووریا، لە عەفرین کە لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە YPG و هاوپەیمانانی سیاسی ئەوانەوە لە پارتی یەکگرتووی دیموکراتیك PYDەوە کونتڕۆڵ دەکرێت، جارێکی دیکە دووپات دەبێتەوە. لە دیدی تورکیاوە ئەم گرووپە هاوواتای پەكەكەیە کە لەلایەن تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێت. لە بەرامبەردا ئەم گرووپانە پێداگری دەکەن کە بە تەواوی خەڵکی سووریان و خۆیان سەر بە ناوچەیەك ناودەبەن کە پێی دەڵێن ڕۆژاڤا و داوای خۆسەریی دەکەن لە ئایندەی سووریایەکی فیدراڵدا. ئەوان لە هەمان کاتدا هاوپەیمانانی لێبڕاوی دەوڵەتانی ڕۆژئاوان لە شەڕی دژ بە داعشدا".


ئەمەی خوارەوە تەواوكەری وتارەكەی گارێت ستەنسفیڵدە:


كێشەی ئەم لێکدانەوانە لەوەدایە کە هەموویان جەوهەرێك لە ڕاستییان تێدایە. گرینگ نییە ڕێبەرانی PYD تا چەندە دەتوانن ڕازیمان بکەن بەوەی کە ئەوان بەشێك نین لە پەكەكە، ئەو ڕاستییانەی بەچاو دەبینرێن ئەوە ناگەیەنێ. ئەمەش هیچ سەیر نییە. پەكەكە پێشتر بنکەکانی لە سووریا بووە و دەوڵەتی سووریاش سیاسەتەکەی لەسەر ئەوە داڕشتبوو کە بە درێژایی ساڵان هاندەری کوردەکان بوو کە بچنە ڕیزی پەكەكەوە. ئەم شەڕڤانانە ڕۆژێك لە ڕۆژان دەگەڕانەوە ماڵەوە. دەیجا، لە کاتێکدا کە ئەم دەربڕینە بە واتای ئەوە نییە کە YPG هەمان پەكەكەیە، ئەم بانگەشەی ئانکارایش لەم بارەیەوە جێگای تێڕامانە.


بەڵام گرووپە کوردییەکان سەلماندیان کە لە ڕووی سیاسییەوە هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن و ناوچەکانی خۆیان لەناو ئەم پێکهاتە شپرزە و تێکچووانەی سووریای پاش ساڵی ٢٠١١ـدا بەباشی بەڕێوەبردووە. لە ڕوانگەی سەربازییەوە پێدەچێت کە YPG بوونەتە هاوتای سپارتیستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. ئەم هێزانە بە چەك و چۆڵی سنووردارەوە بەڵام بە دیسیپلینێکی زۆر و باوەڕێکی پاکەوە سەرسەختانە شەڕیان کرد و سەرەنجام وەها پارێزگارییەکی سەرکەوتووانەیان لە کۆبانێ تۆمار کرد کە لە مێژوودا وەکو ئەو ساتە دێتەوە یاد کە شەپۆلەکەیان لە دژی داعش وەرگەڕاندەوە، ئەو داعشەی کە هەتا ئەو کاتە وادەردەکەوت کە تەقریبەن بە هیچکەس پێشی پێناگیرێت.


ئەمانە دواتر بوونە کاکڵەی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتیك و توانییان داعش گوند بە گوند نەك هەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەرپەڕێنن بەڵکو هەروەها ئەوانیان هەتا ناوچە هەرە باشوورییەکانی وەکو پارێزگای دێرەلزور لەسەر سنووری عێراق ڕاونا. كوردەکان بە هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا بوونە خاوەن ئەزموون و لێهاتوویی زۆر و ئەمەش پێگەی بەهەیبەتی پێشووی ئەوانی بەهێزتر کرد.


بە کورتی لە ڕوانگەی ڕۆژئاواییەکانەوە، هەڵوێستی تورکیای ئەندامی ناتۆ لێرەدا واتادارە، بەڵام هەروەها هەڵوێستی هاوپەیمانە کوردەکانیش لە دژی داعش واتای هەیە. کاتێک ناچار بیت بە هەڵبژاردنێکی نامومکین، لەوانەیە ئاسانتر بێت کە لانیکەمێکی ڕووت ڕەچاو بکەن. بەڵام عەفرین ئەو نەبەردە نییە کە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بەو ئاسانییە خۆی لێ گێل بکەن، ئەو چەشنەی کە لە ڕیفراندۆمی کوردەکانی عێراقدا هەڵوێستیان گرت.


لە ئاستێکی تاکتیكی نزیکدا، کوردە لە ئەزموونی شەڕ دەرچووەکان، هەتا ئێستەش زیانی زۆریان بە هێزەکانی سەر بە تورکیە گەیاندووە. ئایا هێزی لەشکری تورکیا دەتوانن سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن؟ ئەمە زۆر گونجاو نییە و یان لانیکەم ئەگەریش ڕوو بدات، زۆر قورس لەسەریان دەکەوێت. ئەرتەشی تورکیا بە دوای کودەتای مانگی حەوتی ساڵی ٢٠١٦دا لە دژی سەرەککۆمار ئەردۆغان، هێشتا دەورانی هەستانەوەی دوای نەخۆشی تێپەڕدەکات. ئەگەر بێتوو هێزە چەکدارەکانی تورکیا و یان تەنانەت ئەو هێزانەی ئەوان ژێر باڵیان دەگرن لە شەڕێکی خوێناویدا لە عەفرین بچەقن، ئەو هەڵسەنگاندنەی ئەردۆغان لە لایەن خەڵکەوە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە کە خودی ئەو ئەوانی بەرەو ناسیونالیسم و دژایەتی کردن لەگەڵ کوردەکان ڕاکێش دەکرد.


سەرەڕای ئەوانە، کوردەکانی تورکیا دەتوانن لەم دۆخە کەڵكوەرگرن و لە ئاکامی هەستانێکی کتوپڕدا کە ئاوێتەی شەڕکەربوونی کوردەکان دەبێت، ڕاپەڕینی ئەوان توندتر بکاتەوە. وەها بەرزبوونەوەیەکی ناسیونالیسمی کوردی هەروەها لە ئێران و عێراقیش دەتوانێت سەرهەڵبدات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەو ڕاپەڕینەی کە سەرەتا تێکەڵ بوو بە سەرکەوتن – یان تەنانەت لە شکستێکی ئابڕوومەندانەیشدا – لە عەفرین، شۆڕشێکی کوردیی بەربڵاوتر لە دژی وڵاتانی خانەخوێ و هاوپەیمانەکانیان، ئەگەرێکە ناکەوێتە گۆڕەپانی نەگونجان.


ئەمە دەبێتە کارتێکردنێکی دۆمینۆ ئاسا کە لەوانەیە ڕووبدات و تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی سیستەمی حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیشدا سەیری بکەین، ژێروژوورکەر دەبێت و قابیلی پێشبینیکردن نییە. ئەگەری دۆمینۆیەکی تریش هەیە کە تاکوو ئێستا هەم لە لایەن عەفرینەوە کەوتووەتە بەر هەڕەشە و تەنانەت بووەتە جێگای نیگەرانی زۆرتری حکوومەتەکانی ڕۆژئاوا: کارتێکردنی لەسەر پێکەوە لکانی ناتۆ.


بۆ ڕووسیا، تێوەگلان لە سووریا دەرفەتێك بوو تا لە بەرژەوەندی خۆی لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات، ولاتانی باڵتیك و لەوانەیە ئەوپەڕی ئەوێ و لە شوێنی تریش، ژێرپێی تەواوەتی ناتۆ خاڵی بکاتەوە. پشتگیریکردنی ڕووسیا لە تورکیا لە شەڕی عەفرین – بەوەی کە ڕێگای فڕینی پێدان بە سەر ئاسمانی ئەم شارە و بە ئاشکرا سەرکۆنەی ئەمریکای کرد کە بۆچی دەستی داوەتە چالاکی "یەك لایەنە" بۆ بەهێزکردنی YPG – موسکۆ دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە لانیکەم بەشێك لە پلانەکەی بە باشی داڕشتووە. دوو ئەندامی ناتۆ واتە ئەمریکا و تورکیا و لانیکەم ئەو هێزانەی لە ژێر فەرمانی ئەواندان، دەتوانن بکەونە شەڕێکی خوێناوی و درێژخایەنەوە.


کەوابوو ئەوەی لە عەفرین ڕوودەدات تەنها سەبارەت بە داهاتووی کوردەکان لە باکووری سووریا نییە، بەڵکوو زۆر لەوە تێدەپەڕێت. ئەمە دەتوانێت ناوچەکە ژێروژووربکات – تورکیا، عێراق و بەتایبەت ئێران – و هەروەها ئاکامی زۆر قووڵی هەبێت بۆ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەکاتێکدا کە لەگەڵ ململانێی ڕووسیایەك بەرەوڕوون کە کارتێکەریی ڕوو لە زیاد بوونە و خاوەن توانا و داینامیکە.


سەرەنجام کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەم پرسیارە هەژێنەرە بەرەوڕوو ببنەوە؛ بەدەر لە بەیان دەرکردن و بە زمانی چەور وادەی ئاشتی و سەقامگیری و دیموکراسی دان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەوان لە چی دەگەڕێن؟ ئەمە هەڵبەت پرسیارێکی فرە دژوارە بەڵام پێویستی بە وەڵامدانەوەیە. لە نەبوونی وەها وەڵامێكدا، ئەو شتانەی کە لە عەفرین ڕوودەدەن و ئەو شتانەی کە لەوانەیە دواتر بێنە پێش، بەردەوام دەتوانن ببنە هەوێن بۆ ئاکامگەلێك کە لە بەرژەوەندی ئەوانی تردا دەشکێتەوە.



_ ئەم وتارە لەلایەن مامۆستا ئەحمەد ئەسكەندەری "Ahmad Eskandari" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، لە هەژماری ئەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وەریگرتووە.



لێرە دەقی وتارەكە بە زمانی ئینگلیزی لە رۆژنامەی گاردیان بخوێنەوە
bas news-
Top