بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان: 250 ملیار دینار لە بەغداوە گەیشت
ئەو بەرپرسە باڵایە کە نەیویست ناوەکەی ڕابگەیەندرێت، رایگەیاند: "بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، بەغدا 250 ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە کردووە".
ئەوەشی روون کردەوە کە بۆ دەست پێکردنی دابەشکردنی مووچەی هەردوو وەزارەتەکە، چاوەەڕوانی بڕیاری کۆتایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن. دەشڵێت: "بۆ دیاریکردنی وادە و میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی ئەو دوو وەزارەتە، پەیوەندی بە ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە کراوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەکەین".
ئاشکراشی کرد کە ناردنی ئەو پارەیە لەسەر داوای ھەرێمی کوردسان بووە، ئەو بڕە پارەیەش وەک سلفەیەک ھەژمار دەکرێت، چونکە تاوەکو پڕۆسەی وردبینی تەواو دەبێت، کاتێکی زۆر دەخەیانێت، بۆیە بەو سلفەیە مووچەکە دابەش دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، مووچەی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە، بەبێ پاشەکەوت پێویستی بە زیاتر لە 200 ملیار دینار ھەیە.
هاوکات لەمبارەوە مەسعود حەيدەر، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: "دواى بەدواچوون بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان و بەپێ ئەو زانیارییانەی پێمان درا، ئەمڕۆ ٢٥٠ ملیار دینار گەیشتە ھەرێمی کوردستان و بۆ پێدانی مووچەی پەروەردەو تەندروستی ھەرێم، کاروباری لێژنەکانیش زۆر بە باشی دەڕوات و لیستەکان کێشەی نییە".
باسنیوز
