خۆپیشاندانێکی فراوان لە بەردەم ئۆفیسەکەی شاسوار عەبدولواحید ئەنجام دەدرێت

 خۆپیشاندانێکی فراوان لە بەردەم ئۆفیسەکەی شاسوار عەبدولواحید ئەنجام دەدرێت
وابڕیارە ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی (چاڤی لاند)ی گەشتیاری، بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان خۆپیشاندانێکی فراوان لە بەردەم کۆشکەکەی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (نالیا) کە ماوەیەکە بانگەشەی فرۆشتنی پڕۆژە و کۆمپانیاکانی دەکات ئەنجام بدەن.

شوانە ئەحمەد، خاوەن پشکێکی چاڤی لاند، ڕايگەیاند: "ماوەی چوار ساڵ زیاترە شاسوار عەبدولواحید، دەستی دەستی بەخاوان پشکەکانی چاڤی لاند دەکات، جگە لەوەش بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بکاتەوە بەگوتەی خۆی تەواوی پڕۆژەکانی فرۆشتووە و ئێستا ئێمە نازانین داوای مافی خۆمان لەکێ بکەین".

ئەو خاوەن پشکە، ئەوەشی خستە روو کە ئەگەر شاسوار عەبدولواحید، بەڕاستی پڕۆژە و کۆمپانیاکانی فرۆشتووە، پێویستە ئەو کەسە ئاشکرا بکات کە کۆمپانیاکانی خۆی پێ فرۆشتووە، بۆ ئەوەی ئەوان کێشەی خۆیان لەگەڵ ئەو کەسە یەکلا بکەنەوە، دەشڵێت: "ئەوەندەی ئێمە بزانین، شاسوار عەبدولواحید ھیچ پڕۆژەیەکی خۆی نەفرۆشتووە و بۆ خۆدزینەوە لە خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند و ئەو کەسانەی کە شاسوار عەبدولواحید پارەی خواردوون، بانگەشەی فرۆشتنی کۆمپانیاکانی دەکات".

ئاشکراشی کرد کە ماوەی دوو ھەفتەیە لەڕێگەی ڤایبەرەوە ھەموو خاوان پشکەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە بێدەنگی بشکێنن و خۆپیشادانی ناڕەزایەتیی مەدەنی ئەنجام بدەن، چەند ڕۆژێکی دیکەش داوای مۆڵەتی خۆپیشاندان لە قایمقامیەتی سلێمانی دەکەن، تاکو لە بەردەم ئۆفیسەکەی شاسوار عەبدولواحید، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدەن.

پێشتر جەمال حەمە ڕەشید، پارێزەی خاوەن پشەکەکانی چاڤی لاند ڕايگەیاندبوو، پێش ئەوەی شاسوار عەبدلواحید، پڕۆژەی چاڤی لاند بفرۆشێت، پێویست بوو کێشەی خاوەن پشەکەکانی یەکلا بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم کێشانەی ئێستا دروست نەبوونایە.

چەندان ساڵە پڕۆژەی چاڤی لاند لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە درووست کراوە و زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانیش پارەکانیان بە ناوی کڕینی پشک خستووەتە پڕۆژەکەوە، بەڵام پارەیەکی یەکجار کەمیان وەک قازانج پێ دراوە و خاوەن پشکەکان بەردەوام گلەیی ئەوە دەکەن کە شاسوار عەبدولواحید مافە داراییەکانیان دەخوات، لە کاتێکدا زیاتر لە 30 ملیار دیناریان لەنێو پڕۆژەکەدا هەیە.










باسنيوز
Top