سەنتەرێک ژمارەی قوربانییانی رۆژی نۆیەمی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئاشکرا دەکات
بەپێی راگەیەندراوێک، ، سەنتەری دیموکراتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان رایدەگەیەنێت، تۆپبارانی سەر ناوچەکانی شاری عەفرین لەلایەن تۆپخانەی تورکیاوە، بەردەوامە.
هەروەک سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 28/1/2018 رووبەڕووبوونەوە لەنێوان سوپای تورکیا و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، لە ناوچەکانی شەران، راجۆ، شیە، جوندرێسە و شێراوا بەردەوام بووە و بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی عەفرین.
سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاوکات لەگەڵ هێرشی سوپای تورکیا لە باکوور و رۆژئاوای عەفرین، هێزە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە رۆژهەڵاتی عەفرین هێرشیان کردووەتە سەر شارەکە.
بەپێی راگەیەندراوی سەنتەرەکە، لە رۆژی یەکشەممەدا (رۆژی نۆیەمی هێرشەکە) 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 11ـی دیکەش بریندار بوون.
باسنیوز
