دەستەی بەرگریی عەفرین لەبارەی گەڕانەوەی رژێمی سووریا روونکردنەوە دەدات

 دەستەی بەرگریی عەفرین لەبارەی گەڕانەوەی رژێمی سووریا روونکردنەوە دەدات
سەرۆکی دەستەی بەرگری لە کانتۆنی عەفرین رایدەگەیەنێت، کە رێگا بە گەڕانەوەی رژێمی سووریا نادەن بۆ شارەکە.



بەهجەت بەرەکات، سەرۆکی دەستەی بەرگریی کانتۆنی عەفرین بە (باسنیوز عەرەبی)ی راگەیاند، بەرگریی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە عەفرین، شکستی بە هێرشەکانی سوپای تورکیا هێناوە.



بەهجەت بەرەکات هەروەها رایگەیاندووە، سوپای تورکیا و میلیشیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تا ئێستا ”یەک گوندیشیان بۆ یەک رۆژیش نەگرتووە“، هەرچەندە هەموو هێزە ئاسمانی و زەمینییەکانیان بەشدارن لە هێرشەکە.



سەرۆکی دەستەی بەرگریی کانتۆنی عەفرین ئاماژەی بە ژمارەی کوژراوانی شاری عەفرین کرد و رایگەیاند، ”تا ئێستا 59 کەس شەهیدبوون و زیاتر لە 110 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن“.



هەرچەندە سوپای تورکیا باس لەوە دەکات، کە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە بۆ سەر عەفرین، پێنج سەربازی تورکیا کوژراون و 41 سەرباز بریندار بوون، بەڵام بەهجەت بەرەکات ئەو ژمارەیە دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 310 سەربازی تورکیا کوژراون.



سەرۆکی ئەو دەستەیە، کە کاری وەزارەتی بەرگریی لە کانتۆنەکە دەکات، عەفرین و باکووری سووریا هەرێمی فیدڕالین و رێگا بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی رژێمی سووریا نادەن و دژی داگیرکاریی تورکیاش دەوەستن، ”حەوت ساڵە کۆتاییمان بە دەسەڵاتی رژێم لە عەفرین هێناوە“.



بەرەکات پێی وایە شەڕی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین دەبێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکان و داوای لێیان کرد، ”پەلە بکەن لە گرێدانی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان“.



هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پاڵپشتیی سوپای ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی شارە داگیرکراوەکانی سووریا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، پێک هێنراوە.



لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرش دەکەنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.



باسنیوز
Top