برای ئەو کەسەی لەلایەن هێزەکەی لاهوور جەنگی کوژرا: براکەمیان بە چەکی قورس کوشت

 برای ئەو کەسەی لەلایەن هێزەکەی لاهوور جەنگی کوژرا: براکەمیان بە چەکی قورس کوشت
برای کوژراوەکەی چەمچەماڵ ڕای گەیاند، سکاڵای یاساییان لەدژی ئەو ھێزە تۆمار کردووە کە براکەی ئەوانی کوشتووە. ڕەخنەش لەوە دەگرێت کە ئەو هێزەی لە کاتی ڕووداوەکەدا بەکار هێندراوە و براکەی تێیدا کوژراوە، دەتوانرا شەڕی کەرکووکی پێ بکرێت.



کادیر نازم حەمە سلێمان، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە و برای مەلا بێستوون کە دوو ھەفتە لەمەوبەر لەلایەن ھێزێکی سەر بە دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کوژرا، ڕاگەیاند: کەیسی شەھیدکردنی براکەمان وەک خۆی ماوەتەوە و جارێ سەبرمان گرتووە و پەلە ناکەین، چونکە ئێمە خاوەنی عەشرەتێکی گەورەین و بەبێ ئەوان ھیچ ھەڵوێستێکمان نابێت، بەڵام چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەسەر شەھیدکردنی براکەمان سکاڵای یاساییمان لەسەر ئەو ھێزەی کە تاوانەکەی ئەنجام داوە تۆمار کردووە."



گوتیشی: "بنەماڵەکەمان بنەماڵەیەکی ترسنۆک نییە و چاومان لە پارە و پووڵی ھیچ کەسێک نییە، ھەروەھا عەشیرەتەکەمان بە درێژایی مێژوو لەپێناو ئەم کوردستانەدا قوربانیی داوە، بۆیە سوڵحی عەشایەری لەگەڵ ھێچ کەسێکدا ناکەین".



ئەوەشی خستە ڕوو: "نامانەوێ بڕیاری بەپەلە بدەین، لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ کەسێک قبووڵ ناکات خوێنی کەسێکی نزیکی بەھەدەر بڕوات، بێگومان ئێمەش تاکوو منداڵێکمان بمێنێ، ناھێڵین خوێنی کوڕەکەمان ون ببێت".



کادیر نازم حەمە سلێمان، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ھێزەی کە براکەی ئەوانی کوشتووە، ”وەک ئاژەڵ سەیری مرۆڤ دەکات“. دەشڵێت: ”ئەگەر ئەوان دڵسۆزی خاکی کوردستان بوونایە، بەو چل ھامەرەوە کوڕی شەھیدێکی شۆڕشگێڕی ئەم وڵاتەیان شەھید نەدەکرد، بەڵام ئەو ھێزەی بەو چل ھەمەرەوە کوڕەکەی شەھید نازمیان کوشت، دەیانتوانی کەرکووک و خورماتوو کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن، بەڵکوو لە بەرامبەردا بە چەکی قورس دەستیان چووە خوێنێ کوڕە شەھیدێک".



شەوی 17 لەسەر 18ی ئەم مانگە، عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک کە بەرپرسێکی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕانە و ئامۆزای کوژراوەکەیە، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) چەند زانیارییەکی لەبارەی شەڕەکەوە ئاشکرا کردووە و نووسیویەتی: "60 بۆ 70 ھەمەر و باجەری دژە تیرۆر، ھەڵیانکوتاوەتە سەر بیست پێشمەرگەی لیوای تایبەتیی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی کە برا و ئامۆزا و خزمی منن". بەرامبەر بە کوشتنی ئامۆزاکەشی ئاماژەی بەوە کردووە: ”قەرزێکی گەورەمان لای بنەماڵەی تاڵەبانییە".



شەوی 14 لەسەر 15ی ئەم مانگە، ھێزێکی دژە تیرۆری یەکێتی ڕووبەڕووی ژمارەیەک چەکدار بوونەوە کە خاوەندارێتیی چەند شوێنێکی نێو گرتووخانەی چەمچەماڵیان کردووە و ڕێگەیان نەداوە زیندانییەکانی نێو گرتووخانەکە بگوازرێنەوە، چونکە مافی داراییان لای حکوومەتی عێراق ھەیە. بەو ھۆیەشەوە کەسێک بە ناوی (بێستوون نازم حەمە سلێمان) کە کوڕی شەھیدێکی سەرکردە بووە، کوژرا.





باسنیوز
Top