چەند جۆرە كرێ و رسووماتێكی سەر هاووڵاتییان كەم دەكرێنەوە
عەبدولحەمید مەجید، بەرێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باس)ی راگەیاند، بڕیاری کەمکردنەوەی رسوومات لەم مانگەوە جێبەجێ دەکرێت، گوتی: ”ئەو رسووماتانەی شارەوانی وەری دەگرێت کە بریتین لە رسوومانی پیشە و رێکلام و تابلۆ ھەڵواسین و شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکان، لەو مانگەوە کەمکردنەوەکەیان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە“..
کەمکردنەوەی رسووماتی شارەوانییەکان لەو شوێن و پیشە جۆراوجۆرانە بە جۆرێکە لەنێوان ١٠% بۆ ٥٠% و لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی جەختی کردەوە، رێژەیەکی باشی رسووماتەکان کەم کراونەتەوە، بە جۆرێک بگونجێت لەگەڵ دۆخی ئێستای ھاووڵاتییان، گوتیشی: ”رسووماتی تابلۆ و خۆڵ و خاشاکی نۆرینگە پزیشکییەکان و کرێی ناوچە پیشەسازییەکان و تابلۆی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان و ھەموو جۆرە تابلۆکانی کارکردن دەگرێتەوە، کە پێشووتر گلەیی زۆری لەبارەوە دەکرا“.
ئەو رسووماتانەی کەم کراونەتەوە زیاتر لە ٦٠ شوێن و پیشەی جۆراوجۆری تێدایە.
روونیشی کردەوە، تا ئێستا وەرگرتنی پارە لەبری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە ماڵان نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئەو کارە سپێردراوە بە شارەوانییەکان.
لە سەرێکی ترەوە، بەفەرمی کرێ و رەسمی ھوتێل و مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان لەنێوان ٢٥% بۆ ٥٠% کەم کراوەتەوە، بۆ نموونە ھەندێک شوێن لە ٣ ملیۆن دیناری ساڵانە بووەتە ٢ ملیۆن دینار.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رای گەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیار درا رسووماتەکان کەم بکرێنەوە، بڕیارەکەش کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
دوووپاتیشی کردەوە، بەشێوەیەکی گشتی، رسووماتەکان کەم دەکرێنەوە و ھەندێ لەو رسووماتانە تا ئاستی ٥٠% کەم کراونەتەوە.
روونیشی کردەوە، باجی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکان، رسووماتی فڕێدانی زبڵ و خاشاک و ھەڵواسینی تابلۆ پێداچوونەوەیان پێدا کراوە، ھەندێک رسووماتی تریش پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.
ئامانج رەحیم ئاشکراشی کرد، داوایان لە وەزارەتی داد کردووە پێداچوونەوە بە رسووماتی تاپۆکردن و گواستنەوەی موڵکداریی زەوی و خانووبەرەشدا بکات.
سامان بڵباس، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە رسووماتەکانی شارەوانیدا کراوە و بڕیارەکە لەو مانگەوە جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشی: ”رسوومات بە رێژەیەکی زۆر کەم بووەتەوە، ئێمەش کاری پێ دەکەین“.
لە لای خۆشیەوە دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان بە (باس)ی راگەیاند: ”رسووماتی تۆماری کۆمپانیاکان زۆر کەم کرایەوە و وەکوو پێشووی لێ کرایەوە، بە شێوەیەک سەدا سەد و پەنجا کەم کرایەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر زیادبوونی تۆماری کۆمپانیاکان کردووە“
باسنیوز
