چاودێرانی سیاسی کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەت بە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی ده‌زانن

چاودێرانی سیاسی کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەت بە هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی ده‌زانن

کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی جیاوازی لەناو شەقامی کوردی لێ کەوتەوە، به‌تایبه‌ت لەنیو ئەو کادیرە باڵایانەی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە بادینان.


پەیوەست بەم پرسە، ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکگرتوو ئەم هەنگاوە بە نالۆژیک ناو دەبات و پێیوایە، نەدەبوو یەکگرتوو بڕیارێکی لەم چەشنە بدات، وه‌ك ئه‌و ده‌یڵێت، بە پێچەوانەوە، دەبوا لەو دۆخە سیاسی و ئابوورییەی هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە، یەکگرتوو پشتی خۆی نەکردایەتە حکوومەت و خەڵک.


ئەندامەكه‌ى پێشووى سەرکردایەتی ئەو حزبە کە نەیویست ناوی بڵاوببێته‌وه‌، ڕاگەیاند: ”یەکگرتوو بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەم بڕیارەی داوە، لەکاتێکدا ئەم هەنگاوە زیانێکی گەورە لە یەکگرتوو دەدات، بۆ نموونە، بەم بڕیارەی، تەنانەت یەک دەنگیشی لە بادینان زیاد ناکات، بەو پێیەی خەڵک چاوەڕوانیی لەو حزبە ئەوە بوو خزمەتیان بکات، نەک لە هەلومەرجێکی ئاوادا لە حکوومەت بکشێتەوە“.

هەروەها ئاشکرایشی دەکات، کە کۆمەڵ و یەکگرتوو لە حکوومەت کشانەوە، ئامانجیان چاکسازی نەبوو، بەڵکوو ئامانجی سەرەکییان هەڵوەشانەوەی حکوومەت بوو، بۆ ئەوەی ئەو ئەجێندا سیاسییەی هەیانبوو، جێبه‌جێ ببێت.


شڕۆڤەکارێکی سیاسیش پێیوایە، کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەت شتێکی نوێ و جیاواز نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی داهاتووەوە هەیە. بەشێکیشی گرێدراوی کەمتەرخەمییەکانی حکوومەتە لە هەنگاونانی جدیتر بۆ دەربازکردنی قەیرانەکان.


سامی ئەتروشی، شڕۆڤەکاری سیاسی، لەم بارەیەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ” کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەت لەسەر بنەمای جێبەجێنەکردنی ئەو یاداشتە بوو، کە یەکگرتوو پیشکەشی حکوومەتی کردبوو، بەڵام بڕیاری کشانەوەکە زیان بە خودی حزبەکە دەگەیەنێت“.



لای خۆیشیەوە فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک نەیشاردەوە، کە بڕیاری کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەت، نیگەرانی کردوون، بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە هێشتا زووە بڕیار لەمەڕ پۆستەکانی ئەو حزبە لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بدەن، کە 24 پۆستن (لە بەڕێوەبەری گشتییەوە بگرە، هەتا بەڕێوەر لە فەرمانگەکانی پارێزگای دهۆک).


ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كگرتوو، ڕاگەیاند: ”کشانەوەی یەکگرتوو لە حکوومەت، ئیمەی نیگەران و دڵگران کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێز لەو بڕیارەیان دەگرین. بۆیەش هێشتا زووە بڕیار لە چارەنووسی پۆستەکانی یەکگرتوو لەناو ئەنجومەنی پارێزگادا بدەین، چونکە هەنووکە سەرنجی ئێمە زیاتر لەسەر ڕەوش و هەلومەرجی سیاسیی هەرێمی کوردستانە“.

bas news-
Top