ھەولێر.. کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوە دەچێت
غەفوور مەخمووری، سکرتێری یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "بڕیارە کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی سبەینێ دووشەممە 21/1/2018، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، لە ھەولێر، کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە سەر ئاستی باڵا بەڕێوە بچێت".
سکرتێری یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستە روو، کە کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان تەرخان کراوە و ئەو ھەڕەشانەی کە لەسەر ھەموو بەشەکانی کوردستان ھەن و ھاوکات تاوتوێی ڕەوشی ئێستای ھەر چوارپارچەی کوردستانیش دەکرێت.
رۆژی شەممە 20/1/2018، سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلی زەیتون)، ھێرشی کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و تا ئێستا شەش ھاووڵاتی و سێ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، شەھید بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ھەڕەشەی لەناوبردنی ھەموو شەڕڤانانی یەپەگەی لە عەفرین کردووە و سەرکردایەتیی پەکەکەش پێشتر ھۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر تورکیا ھێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا پەکەکە شەڕەکە گەورە دەکات، بەشێوەیەک ”کەس پێشبینی ئەنجامی شەڕەکە ناکا".
باسنیوز
