میسر وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی لەسەر ھێرشەکەی تورکیا بۆ عەفرین ھاتە دەنگ

 میسر وەک یەکەم وڵاتی عەرەبی لەسەر ھێرشەکەی تورکیا بۆ عەفرین ھاتە دەنگ
وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە بەیاننامەیەکدا، دژی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین ھاتە دەنگ و بە پێشێکردنی خاکی سووریا دانا.


ئەمڕۆ یەکشەممە 21/1/2018، وەزارەتی دەرەوەی میسر، بەیاننامەیەکی لە دژی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین دەرکرد و بە دەستێوەردان و پێشێلکردنی سووریای دانا.

لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی میسر، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەوان دژی ھەموو چارەسەرێکی سەربازین.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆ، جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند دەبێت تورکیا ھێرشەکانی بۆ سەر ھێزە کوردییەکان لە عەفرین رابگرێت، چونکە ئەوان بەشێکن لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەپێویستیشی زانی ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات و تێدا ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین تاوتوێ بکات.

ئێوارەی دوێنێ 20/1/2018، سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلی زەیتون)، ھێرشی کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و تا ئێستا شەش ھاووڵاتی و سێ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، شەھید بوون.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ھەڕەشەی لەناوبردنی ھەموو شەڕڤانانی یەپەگەی لە عەفرین کردووە و سەرکردایەتیی پەکەکەش پێشتر ھۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر تورکیا ھێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا پەکەکە شەڕەکە گەورە دەکات، بەشێوەیەک ”کەس پێشبینی ئەنجامی شەڕەکە ناکا".












باسنيوز
Top