پارتێكی توركمانی: لەبەر داگیرکاریی میلیشیاکان لە كەركووك و ناوچە کوردستانییەکان هەڵبژاردنەكان بایكۆت دەكەین
پارتی گەلی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی نێردراوە، تێیدا هاتووە، سەركردایەتیی پارتی گەلی توركمانی لەمەڕ بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق كە بڕیارە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەڕێوە بچێت، بڕیار در لە شارەكانی كەركووك و خورماتوو و خانەقین بەشداری لەو هەڵبژاردنانە نەكات".
بەیاننامەكە هۆكاری بەشداری نەكردنی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو شارانە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە و هەر هەڵبژاردنێكیش لەو شارانە بكرێت ناشەرعییە.
هاوكات لەبەیاننامەكەی پارتی گەلی توركمانی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئەوەی كە ئێستا حەشدی شەعبی بەسەر كەركووك و خورماتوو و خانەقین هێناویەتی، پێشێلكارییەكی دیاری دەستووری هەمیشەیی عێراقە، لەبەر ئەوەی ئەو میلیشیایانە وەك مافیا مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان و دامودەزگاكانی دەوڵەتدا دەكەن.
بەیاننامەكە ڕوونی كردەوە، لەژێر دیارەی چەكداریدا هەڵبژاردن ناكرێت و داوا لە هاووڵاتییانی توركمان دەكەن بەشداری لەو هەڵبژاردنە نەكەن.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 12ی ئایاری 2018ی دەستنیشان كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری نەداوە كە لەو ڕۆژەدا ئەو هەڵبژاردنانە بكرێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
