حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرێبەستی فەرمانبەران تازە دەکاتەوە
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە دەست کەوتوون، لە کۆتاییەکانی ھەفتەی ڕابردووەوە، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی دەستی کردووە بە دەرکردنی فەرمانی تازەکردنەوەی گرێبەستی کارمەندانی گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ھەر بەپێی زانیاریەکان 21/1/2018، فەرمانی تازە کردنەوەی گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانە گەیشتووەتە بەشێک لە وەزارەت و فەرمانگەکان، مەرجی تازەکردنەوەی ئەو گرێبەستانەش ئەوە بووە، کە ھیچ مووچەیەکی دیکەیان نەبێت و لەسەر کارکردن بەردەوام بن.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی دارایی لە دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە 22 ھەزار کارمەندی گرێبەست ھەن.
ھەفتەنامەی (باس) لە ژمارەکانی پێشووتریدا بڕیارێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردسانی بڵاو کردەوە، بەپێی بڕیارەکە بێت، ھیچ کەسێک لە شوێنی ھیچ فەرمانبەرێکی گرێبەست دانانرێت، لە بڕیارەکەدا ھاتبوو: "بۆ بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی مافی ئەو فەرمانبەرانەی کە بە گرێبەست لەسەر میلاکی سەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەت دامەزرێندراون، ڕێگە نادرێت گرێبەستەکانیان کۆتایی پێ بھێندرێت بە مەبەستی دامەزراندنی کەسانی دیکە لە جێگەیاندا".
فەرمانبەرانی گرێبەست وەکوو فەرمانبەرانی ھەمیشەیی لە تۆماری بایۆمەتریی مووچە تۆمار کراون و مافەکانیان لەلایەن حکوومەت پارێزراوە.
باسنیوز
