هەڵوێستی رژێمی سووریا لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی سووری، وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێوشوێنی پێویست بۆ ”بەپەلە راگرتن“ی ئەو هێرشەی تورکیا بگرنە بەر.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا هەروەها رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیەی بەرپرسانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە و تێیدا باس لەوە دەکەن، کە حکوومەتی سووریایان لەو هێرشە ئاگادار کردووەتەوە، ”درۆیە و بەشێکە لەو زنجیرە درۆیانەی رژێمی تورکیا بەردەوام دەیانکات“.
هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، هێرشکردنە سەر شاری عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاوە ”دەستدرێژییەکی نوێی تورکیایە بۆ سەر سەروەریی سووریا“.
لە رۆژی شەممە 20/1/2018، سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلی زەیتون)، هێرشی کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و تا ئێستا شەش هاووڵاتی و سێ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، شەهید بوون.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی لەناوبردنی هەموو شەڕڤانانی یەپەگەی لە عەفرین کردووە و سەرکردایەتیی پەکەکەش پێشتر هۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا پەکەکە شەڕەکە گەورە دەکات، بەشێوەیەک ”کەس پێشبینی ئەنجامی شەڕەکە ناکات“.
باسنیوز
