سەعدی پیرە: لە بێ مام جەلالیا بووین بە جەماعەتێكی خۆخۆر
سەعدی پیرە لە پەیامێكدا كە بۆ مام جەلالی نووسیوە، بەبێ ئومێدیەوە دان بەوەدا دەنێت كە كێشەی سەرەكیی یەكێتی، خۆخۆری جەماعەتێكی نێو یەكێتیین، كێشەكانیان پەیوەندی بە كوردستان و عێراقەوە نییە.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی فەرمی یەكێتی پۆستێكی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردووەتەوە، تیایدا وێنەی ئەم پەیامەی داناوە كە رۆژی 15ی ئەم مانگە بۆ مام جەلال سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یەكێتی نووسیوە.
سەعدی پیرە لە سەرەتای نامەكەدا نووسیویەتی "سڵاو مامەگیان"، ئینجا باسی دۆخی ئێستەی نێو یەكێتی كردووە و تیایدا نووسیویەتی "بە قۆناخێكی سەختدا تێدەپەڕین، یەكێتییەكەمان لە هەموو لایەك پەلامار دەدرێ، هەموومان لە بێ مام جەلالیا بووین بە جەماعەتێكی خۆخۆر، كێشەكانمان هێزە كوردستانی و عێراقیەكان نییە، حكوومەتی عێراق و دراوسێكان نییە، بەڵكو خۆمان كێشەی خۆمانین، خەریكین بەڵكو بتوانین ئەوەی بكرێ رزگاری بكەین، هێزمان بدێ، پێویستمان پێتە".
سەعدی پیرە پەیامەكەی لەسەر گۆڕی مام جەلال نووسیوە و تیایدا هاتووە "من كە ئەمڕۆ لە هەولێرەوە هاتم، پاش كۆبوونەوەی ماڵی كاك كۆسرەت، بیرم كردی، وا هاتم بۆ خزمەتت، بەرامبەر وێنەكەت وەستام، هەمان تێڕوانین، بەڵام بەبێ قسە تێگەیشتم تۆش نیگەرانی لە بارودۆخی ئێستای یەكێتی، مامەگیان ئومێد دەكەم چارەسەری بكەین. رۆحت شاد".
ئەم پەیامەی گوتەبێژی یەكێتی لە كاتێكدایە كە كێشەكانی نێو حزبەكە رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر دەبن، لە دوای خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەریشەوە، كە لەلایەن چەند كەسێكی حزبەكە ئەنجام درا و جێگری یەكەمی حزبەكە بە "نەفام" وەسفی كردوون، یەكێتی خستووەتە دۆخێكی زیاتر نەخوازراوەوە.
لەلایەكی تریشەوە جیابوونەوەی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی لە یەكێتی و نەبوونی ناوەندێكی بڕیار و ناكۆكی لەنێو حزبەكەدا لەبارەی كاتی ئەنجامدانی كۆنگرە و ڕاڕایی لە چۆنیەتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، كێشەگەلی ترن ڕووبەڕووی یەكێتی بوونەتەوە.
bss news-
