نازم دەباغ: نێچێرڤان بارزانی لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆ دەبێتەوە

 نازم دەباغ: نێچێرڤان بارزانی لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆ دەبێتەوە
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ڕای گەیاند، بڕیارە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش کۆ دەبنەوە.

نازم دەباغ، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ڕایگەیاند: "بەپێی زانیارییەكانی من بڕیار وایە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2018/1/20 شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و هاوڕێ لەگەڵ د. فواد حوسێن و سەفین دزەی سەردانی تاران بكەن، هەروەها ئامانج لە سەردانەكەش پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەروەها وتووێژكردن و بیروڕا گۆڕینەوەیە لەسەر بارودۆخی عێراق و ناوچەكە بۆ ئایندەیەكی باشتر و پێداگری لەسەر پاراستی بەرژەوەندیی هاوبەش".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ئاشكراشی كرد: "شاندەكە چاوی بە گەورە بەرپرسانی ئێران دەكەوێت و لە بەرنامە دایە سەرۆك كۆماری ئێرانیش ببینن، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، واتە داوا كراوە سەرۆك كۆماریش ببینن، پێم وایە بەدڵنیاییەوە کاتێک شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان بارزانی و قوباد تالەبانی سەردانی تاران دەکەن بێگومان گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەیان نیشانداوە دیدار و چاوپێكەوتنیان لەگەل بكەن و ئەم دیدارەش بۆ ناوچەكە و پاراستنی ئەمن و ئاسایش زیاتر گرنگە".

لەبارەی پێشوازیكردنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرانی ئێرانەوە نازم دەباغ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "بە دڵنیاییەوە كاتێك ئەوان دێن بۆ تاران كەسانی بەرپرس شایستە لە ئاستی خۆیدا دەبینن".














باسنیوز
Top