نازم دەباغ: نێچێرڤان بارزانی لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆ دەبێتەوە
نازم دەباغ، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ڕایگەیاند: "بەپێی زانیارییەكانی من بڕیار وایە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2018/1/20 شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و هاوڕێ لەگەڵ د. فواد حوسێن و سەفین دزەی سەردانی تاران بكەن، هەروەها ئامانج لە سەردانەكەش پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانە، هەروەها وتووێژكردن و بیروڕا گۆڕینەوەیە لەسەر بارودۆخی عێراق و ناوچەكە بۆ ئایندەیەكی باشتر و پێداگری لەسەر پاراستی بەرژەوەندیی هاوبەش".
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ئاشكراشی كرد: "شاندەكە چاوی بە گەورە بەرپرسانی ئێران دەكەوێت و لە بەرنامە دایە سەرۆك كۆماری ئێرانیش ببینن، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، واتە داوا كراوە سەرۆك كۆماریش ببینن، پێم وایە بەدڵنیاییەوە کاتێک شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی كاك نێچیرڤان بارزانی و قوباد تالەبانی سەردانی تاران دەکەن بێگومان گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی ئەوەیان نیشانداوە دیدار و چاوپێكەوتنیان لەگەل بكەن و ئەم دیدارەش بۆ ناوچەكە و پاراستنی ئەمن و ئاسایش زیاتر گرنگە".
لەبارەی پێشوازیكردنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرانی ئێرانەوە نازم دەباغ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "بە دڵنیاییەوە كاتێك ئەوان دێن بۆ تاران كەسانی بەرپرس شایستە لە ئاستی خۆیدا دەبینن".
باسنیوز
