بەرپرسێکی حزبی: کەرکووک کراوەتە سەربازگەیەکی گەورە
ئەمڕۆ شەممە 20/1/2018، عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان، رایگەیاند: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھێزی زیاتریان بۆ ناو شاری کەرکووک ھێناوە و ئێستا کەرکووک بووەتە سەربازگەیەکی گەورە".
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان، ئەوەشی خستە روو، کە ھێزەکانی پۆلیسی فێدراڵیش کە ھێنراون بۆ کەرکووک، لە ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبین و ئێستا بەشێک لە ھێزەکان کە لە کەرکووکن جلی پۆلیسی فیدراڵی لەبەر دەکەن و بەردەوامن لە داگیرکارییەکەیان.
ئاشکراشی کرد، ئەگەر حەشدی شەعبی ڕاست دەکەن، بائێستا دۆسییەی ئەمنی کەرکووک ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی کەرکووک بکەن.
پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کردبوو ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی کە بریتیبوون لە 120 ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئەو ھێزە لە سنووری شارەدێی لەیلانەوە بڵاوەیان پێ کراوە تاوەکو سنووری شارەدێی قەرەھەنجیر.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنیوز
