نازم هەركی: دەبێ خەڵكی كەركووك و خورماتوو بە توندی سروە عەبدولواحید سزا بدەن

 نازم هەركی: دەبێ خەڵكی كەركووك و خورماتوو بە توندی سروە عەبدولواحید سزا بدەن
جێگری سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەبێ خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بە توندی سزای سروە عەبدولواحید بدەن لەسەر ئەو قسانەی كە دەڵێت "ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئەمنییەوە هیچ كێشەیان نییە".



نازم هەركی جێگری سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان داگیر كراون و هیچ ئارامییەكیان پێوە دیار نییە، چونكە حوكمی سەربازی و حەشدی شەعبی بەڕێوەیان دەبات، بۆیە هەڵبژاردن لەم كات و ساتەدا لەو ناوچانە گونجاو نییە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە پارتی بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی لە كەركووك داوە، بۆیە تا كەركووك و خورماتوو و ئەو ناوچانە حوكمی سەربازیان تێدا بێ نابێ هەڵبژاردنیان تێدا بكرێت".



سەبارەت بەوەی ئاخۆ لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ كورد گونجاوە و بە قازانجە كە هەڵبژاردن بكرێت؟ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان لە لێدوانێكیدا ڕاگەیاندبوو: "دۆخەكە بۆ گونجاو نییە؟ هیچ كێشەیەكی ئەمنی لەو ناوچانە نییە".



نازم هەركی لەبارەی قسەكانی سروە عەبدولواحیدەوە دەڵێت: "سروە هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی عێراقچێتی خۆی دەربڕیوە، ئەو قسانەی كە لەبارەی ئارامیی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانیش دەیكات ڕەتی دەكەینەوە، چونكە ڕۆژانە ڕاپۆرت لەسەر كەركووك و خورماتوو بڵاو دەكرێتەوە و تەعریبكردنیش لە كەركووك و ناوچەكان بەردەوامە، بۆیە من لە سروە عەبدولواحید دەپرسم، ئایا ئەو دەزانێت بە دەیان هەزار خەڵكی كورد ئاوارەی ناوچەكانی هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و ناوچەكانی دیكە بوون؟ دەبێ چۆن وەڵامی ئەو ئاوارانە بداتەوە؟، بۆیە دەبێ خەڵكی كەركووك و خورماتوو زۆر بە توندی وەڵامی سروە بدەنەوە و سزای بدەن لەسەر ئەو قسانەی كە دەڵێ ئەو ناوچانە ئارامن".





باسنیوز
Top