د. عەرەفات کەرەم ستونی ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: سوننەمەزهەبەکان سوورن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و لایەنە شیعەکان هاوڕان
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، سوننەمەزهەبەکان سوورن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و لایەنە شیعەکان هاوڕان لە ئەنجامدانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی ناکۆکیی ئەو دوو پێکهاتەیەوە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هێشتا دەستی پێ نەکردووە، کە لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە 18/1/2018 بۆ ئەمڕۆ شەممە 20/1/2018 دواخرا.
بەپێی زانیارییەکان، سوننەمەزهەبەکان بیانووی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەدینیان هەیە و داوا دەکەن ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی خۆشیدا ئەنجام بدرێ، ئەوا لەو پارێزگایانە ئەنجام نەدرێت.
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە پرۆژەی بە نهێنی خستنە دەنگدانی دواخستنی هەڵبژاردن بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام بەهۆی چوونە دەرەوەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان لە هۆڵی پەرلەمان، رێژەی یاسایی تێکچوو و دانیشتنەکە دواخرا.
بڕیارە رۆژی 12/5/2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو پارێزگاکانی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
K24
