بزووتنەوە داوای سزادانی حزبێکی ئیسلامی دەکات
ئاری عەبدوللەتیف، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوە لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕای دەگەیەنێت، دەمێکە لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان هەوڵ دەدەن بەرەیەکی ئیسلامیی هاوبەش لە کوردستان دروست بکەن، ”چەندینجار کۆبوونەوەی لوتکە کرا و ئەنجومەنی ھاوبەش پێکھێنرا و گفتوگۆی گەرم بەڕێوەچوو، بەڵام بێئاکام بوو".
ئاری عەبدوللەتیف هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئیسلامییەکان بە لیستێکی هاوبەش بەشدارییان نەکرد، ئەوا ”چاوی ئومێد و ئاسۆیان لێ بنووقێن“ و بە پێویستی دەزانێت دەنگدەرانی ئیسلامی دەنگی پێ نەدەن و ”بە سزای ئەو هەڵوێستەی بگەیەنن“.
هەرچەندە چەندین جار کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی سێ حزبە ئیسلامییەکە (بزووتنەوە، یەکگرتوو و کۆمەڵ) بەڕێوە چووە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامی لە کوردستان، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چووەتە ناو هاوپەیمانیی دوو لایەنی نائیسلامی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە سەرۆکایەتیی بەرهەم ساڵح و بزووتنەوەی گۆڕان).
باسنيوز
