فۆریێن پۆڵەسی: یەكێتی بەهۆی كۆنە ناكۆكییەوە خۆی رادەستی بەغدا كرد

فۆریێن پۆڵەسی: یەكێتی بەهۆی كۆنە ناكۆكییەوە خۆی رادەستی بەغدا كرد

گۆڤاری فۆریێن پۆڵەسی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا باس لە شكستهێنانی هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات و ئاماژە بە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات كە بەهۆی كۆنە ناكۆكیی ناوخۆییەوە، یەكێتی پێی باش بووە رادەستی حكوومەتی عێراق بێت و هێزەكانی خۆی لە شاری كەركووك كێشاوە.


گۆڤارەكە لە راپۆرتێكی تێروتەسەلدا، كە دوێنێ پێنجشەممە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی داوە كە باشترین ڕێگە بۆ كورد كە بیگرنەبەر تا بگەنە دامەزراندنی دەوڵەت، ئەوەیە كە چیتر پشت بە هێزی دەرەكی نەبەستن و سەرلەنوێ دەست پێبكەنەوە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە سەرلەنوێ وەبەرهێنانەوەی ئەو دەزگایە دەبێت، كە دەبنە پشتیوان بۆ پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و پارێزگاری لێ دەكەن.


فۆریێن پۆڵەسی بە وردی چووەتە نێو هۆكاری شكستهێنانی هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و نووسیویەتی "پشتێكردنی رۆژئاوا و ناكۆكی سیاسی ناوەخۆیی، كوردی خستە مەترسیدارترین دۆخەوە. هەڵوێستی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كە گەرموگوڕ بوون لە بەكارهێنانی كورد وەك بریكاری خۆیان لە شەڕی تیرۆری داعش، درێژەی نەكێشا و نەبوونە پشتیوانی سەربازی و دیبلۆماسیی كورد، بێگومان پشتیوانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانیش نەبوون".


هەروەها لەبارەی دۆخی ئێستەشەوە نووسیویەتی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وازی لە ستراتیژیەتی هێنانەدی سەربەخۆیی هێناوە، بەم هیوایەی پشتیوانی ئەمریكا بیانگەیەنێتە ئەودیوی ڕێگرییەكانی ئێستە لەبەردەم ڕێگەی دەوڵەتەكەیاندا هەن.


گۆڤارەكە ئەمەشی نەشاردووەتەوە كە بڕیاری كورد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیرادەی زلهێزەكانی جیهان، بووە هۆی ئەوەی كورد تووشی نسكۆیەكی مێژوویی ببێتەوە.


گۆڤاری فۆریێن پۆڵەسی، كە ئاوێنەی وێنەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، لە راپۆرتەكەیدا دووپاتی كردووەتەوە "واشنتۆن دژی هەر گۆڕانكارییەكە لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە ترسی یاری دۆمینۆكە". (مەبەستی راگەیاندنی چەندین دەوڵەتی سەربەخۆی یەك لەدوای یەكی دیكەیە لە ناوچەكە، لەدوای راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان).


ئاماژەشی بە ناكۆكی قووڵی نێوان یەكێتی و پارتی داوە بەوەی پێشتر نزیك بووە لەوەی ببێتە هۆی دامەزرانی دوو دەوڵەتی (هەرێم) جیاواز. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر داوە و نووسیویەتی "بەهۆی ئەم ناكۆكییەوە هەوڵی بەدیهێنانی سەربەخۆیی شكستی هێنا، چونكە سلێمانی بەسەركردایەتی یەكێتی پێی باش بوو رادەستی حكوومەتی بەغدا بێت و هێزەكانی لە كەركووك بكێشێتەوە".


گۆڤارە ئەمریكیەكە لە كۆتاییدا نووسیویەتی "سەرباری ئەوەی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، چەند نیشانەیەك لە سلێمانییەوە دەركەوتن لەبارەی دەسبەرداربوون لەم هەوڵەی سەربەخۆیی، بەڵام سەرۆك مەسعود بارزانی سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، تەنانەت گوتبووشی ئەگەر سلێمانییش نەیەوێ، دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە دهۆك و هەولێر و دەشتی نەینەوا دادەمەزرێنین"
bas news-
Top