سیوەیلی: پەیوەندیهكانمان لە ئاستێكی بەرزدایه.. بۆ چالاكییە دیپلۆماسییەكانی حكوومەتی ھەرێم دهگهڕێتهوه
ھۆشیار سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییە، رۆژ بە رۆژ كرانەوەی زیاتر لە نێوان ھەرێم و وڵاتاندا دروست دەبێ و زۆر بەرەو باشتریش دەچێت، بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و، ئەمەریكایش لە ھەوڵی باشتركردنی پەیوەندییەكانن لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا، ڕاستە پێشتریش پەیوەندیی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتاندا نەپچڕابوو و ھەندێك گۆڕانكاری بەسەردا ھاتبوو، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە پەیوەندیی دیپلۆماسیی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و بەردەوامیش لە كرانەوەی زیاتردایە".
لەبارەی ئەوەی حكوومەتی عێراق چۆن رازی بووە جارێكی دیكە گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەست پێ بكاتەوە، سیوەیلی گوتی، "بەشێكی پەیوەندیی بە چالاكییە دیپلۆماسییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە كە لە ماوەی رابردوودا ھەوڵی بۆ داوە و، گوشاریان لەسەر حكوومەتی عێراق دروست كردووە و بەشێكیشی پەیوەندی بە خودی ھەڵوێستی حكوومەتی ھەرێمەوە ھەیە كە، جەخت لە چارەكردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور دەكاتەوە، ئەمەیش داواكاریی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە كە دەیەوێت ھەردوو لا لە چوارچێوەی دەستووردا كێشەكانیان چارە بكەن".
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند، "كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە تایبەت سەبارەت بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەڵوێستی خۆیان بە ڕوونی ئاشكرا كردووە كە ئەوان پشتگیری لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن و داوایان كردووە لە ھەرێمیشدا لایەنەكان پشتگیری بكەن، بۆیە ئەوان پشتگیری لە حیزبەكان ناكەن و تەماشای ئەوەیش ناكەن كێ لە حكوومەتدا بەشدارە و كێ بەشدار نییە، بەڵكوو ئەوان پشتگیری لە حكوومەتی ئێستای ھەرێمی كوردستان دەكەن، لەبەر ئەوەی شەرعییەتی ھەیە، بۆیەیش تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو حكوومەتەدا دەكەن و بە نوێنەری شەرعیی خەڵكی ھەرێمی كوردستانی دەزانن".
سەبارەت بە پەیوەندیی ھەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیش، هۆشیار سیوەیلی باسی لەوە كرد، "پەیوەندیی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران و توركیا، رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشتر دەچێت و، ئێمە لەو چاوپێكەوتنانەی لەگەڵ كۆنسووڵەكان دەیكەین، بۆمان دەركەوتووە كە پێیان باشە ئەو پەیوەندییەی ماوەیەك لەمەو پێش ھەبووە، تێپەڕێنین و پەیوەندیی باشتریان لەگەڵ ھەرێم ھەبێت، نموونەیش زۆرە، ئێران بە بێ ئەوەی چاوەڕێی حكوومەتی عێراق بكات، ھەردوو دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانی كردنەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ھەرێم ئاسایی بكاتەوە و، توركیایش بە ھەمان شێوە، چونكە ئێمە حەفتەی رابردوو سەردانی كۆنسووڵی نوێی توركیامان كرد و ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە نەك تەنیا دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ھەرێم ئاسایی ببنەوە، بەڵكوو دەخوازن نێوەندگیریی ھەرێم و بەغدایش بكەن بۆ چارەكردنی كێشەكان".
سیوەیلی زیاتر گوتی، "چاوەڕێی ئەوە دەكەین شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی توركیا بكات و لەگەڵ حكوومەتی توركیا چاوپێكەوتن ھەبێت، لە ئێستایشدا چاوەڕوانی دیاریكردنی وادەی سەردانەكەین، بۆ ئێرانیش بە ھەمان شێوە دەمانەوێت لەسەر ئاستی باڵادا چاوپێكەوتن ھەبێت، بۆیە پەیوەندییەكان بەردەوامن و بەرەو پێشتر دەچن".
kdp-
