بریمۆ: لە بەهاری دابێ گۆڕانکاری لە سووریادا دەکرێن

بریمۆ: لە بەهاری دابێ گۆڕانکاری لە سووریادا دەکرێن
دوای ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وڵاتانی جیھانی بێھیوا کرد لە کشانەوەی ھێزەکانی لەسەر خاکی سووریا، بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێ، ھەڵوێستی نوێی ئەمەریکا کاریگەریی لەسەر ڕەوشی سووریا دەبێت و گۆڕانکاری بەڕێوەن.

نووری بریمۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵوێستی نوێی ئەمەریکا کاریگەریی لسەر ڕەوشی سووریا دەبێت، چونکە ئیدارەی ئەمەریکا دووپاتی کردووتەوە، کە سووریایەکی بێ ئەسەد و ئیران و چەکیان دەوێت، ئەوەش دەردەخات گۆڕانکاریی نوێ لە ڕەوشی سووریادا دەکرێت، بەتایبەتی لە بەھاری داھاتوو ئەو گۆڕانکارییانە بەدەر دەکەون، ھەرلایەک دەیەوێ پشکی خۆی ھەبێت لە سووریای داھاتوو کە بووەتە ھۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی ڕەوشی سووریا.

دوێنێ ڕێکس تێلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد: "ئەمەریکا ھەڵەی عێراق دوبارە ناکاتەوە لە سووریا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی، چونکە بەرھەمی کشانەوەمان لە عێراق دروستبوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی بوو." ھاوکات دووپاتی کردەوە، ئەمەریکا ھێزەکانی بۆ کاتێکی نادیار لە نێو خاکی سووریا دەھێلێتەوە، ئەوەش بۆ زیاتر ڕێگرتنە لە گەڕانەوەی ڕێکخراوی تیرۆرستی ئیسلامی، ھەروەھا کەمکردنەوەی ھێژمۆنی ئیران لەسەر سووریا و ڕۆیشتنی سەرۆکی ئەو وڵاتەیە."

کاوە ئازیزی، سەرکردەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت: "بە ھۆی سیاسەتی تەڤدەم و پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، ڕێگرە لەوەی ئەو حزبانەی بەشدارن لە ئەنجومەن، کاری سیاسیی خۆیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، ئەوەش وای کردووە، ئەنەکەسە بە شێوەیەکی ورد نەچێتە ناو پلانی گۆڕانکارییەکان."

ئازیزی ڕوونی کردەوە: "کاتێک ڕێگە لە گەڕانەوەی لەشکری ڕۆژ نەدرێت و کاری سیاسی لە ئێمە قەدەغە بێت، ئەوە مانای ئەوەیە وڵاتی ئێمە داگیر کراوە، باشترین چارەسەر ئەوەیە لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە فشار بخرێتە سەر ئەمەریکا بۆ ئەوەی ھەوڵ بدات ئەمەریکا خۆی ڕۆڵی ھەبێت لە گەڕانەوەی ئەنەکەسە و ڕاگرتنی باڵانسی ھێز لە ڕۆژئاوای کوردستان."

سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هەموو کاتێک زیاتر چاوی لەسەر عەفرینە و دەڵێ: "دەچینە نێو عەفرین و گوێ بە ئەمەریکاش نادەین." لە بەرانبەردا ئەمەریکاش دەڵێ: "ئێمەش سووریا جێ ناهێڵین و ئیدی لەوێدا دەمێنینەوە."

نووسەر، گوێن دایر، وەک شارەزا لە کاروباری سووریا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە لە ٤٥ وڵات کارەکانی بڵاو دەکرێتەوە، دەڵێ: "پێشبینی کراوە کە ئەمەریکا چاو لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین دابخات. ئەو وڵاتانی جیهان بەرانبەر بە کوردەکان بە خیانەتکار دەزانێ، هەروەک نموونە بە ١٦ی ئۆکتۆبەر دێنێتەوە، لەو کاتەی کە بەغدا هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکان و داگیری کردن، هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا چاویان لە ئاست ئەو هێرشەی بەغدا داخست."

لەبارەی تۆپبارانکردنی عەفرین و کۆبانێ لە لایەن تورکیاوە، نووری بریمۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوەی لەبارەی کۆبانێ بڵاو دەکرێتەوە ئەوەی ڕاست نییە، تەنیا شاری عەفرین لە لایەن تورکیاوە بوردومان دەکرێت و تورکیا بەڵێنی بە ئێران داوە بۆ ڕادەستکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی سووریا، ئەوە جگە لەوەی تورکیا خۆی چاوی لە کۆنتڕۆڵکردنی عەفرینە."

کاوە ئازیزی، کەسایەتیی ئەکادیمی و سەرکردەی ئەنەکەسە پێی وایە: "تورکیا ھێرش ناکاتە سەر عەفرین و ئەگەریش ھێرش بکرێت ئەوە ئەمەریکا پێویستە دەستەوەسان نەبێت، چونکە پێشتر ئەمەریکا ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە ڕۆژھەڵاتی دیجلە و عەفرین لە ژێر ھێژمۆنیی ئەودان و پارێزگارییان لێ دەکات، بەتایبەتی بوونی ڕووسیاش لە ناوچەکە کاریگەریی لەسەر ھەڵوێستی ئەمەریکا ھەیە."
kdp-
Top