بۆ پەرەپێدانی نەوتی کەرکووک حکوومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژۆ کرد

 بۆ پەرەپێدانی نەوتی کەرکووک حکوومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژۆ کرد
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات کە بۆ پەرەپێدانی نەوتی کەرکووک گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژۆ کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/1/2018، وەزارەتی نەوتی عێراق، بڵاوی کردەوە کە گرێبەستێکی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ کۆمپانیای (بی بی) بەریتانی بۆ پەرەپێدانی نەوتی کەرکووک بۆ زیاتر لە 750 ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، واژۆ کردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە وەزیری نەوتی عێراق، لەگەڵ کۆمپانیای (بی بی)ی بەریتانی واژۆی ئەو رێککەوتنەیان کردووە بەمەبەستی پەرەپێدانی نەوتی کەرکووک.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/1/2018، جەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێک گەیشتە کەرکووک لەگەڵ ڕاکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت کۆبووەتەوە، ھەر بەپێی زانیارییەکان ئامانجی ھاتنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ کەرکووک، بەڵام تاوەکو ئێٍتا ناوەڕۆکی ھاتنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ کەرکووک نازانرێت.

پێشتر بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک لە ڕێگای نەوتبەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی دەرەوەی کوردستان دەکرا، بەڵام لە دوای داگیرکردنی کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ئێستا نەوتی شارەکە بە قاجاخ و لەڕێگای تانکەرەوە دەبرێت بۆ ئێران.

پێشتر ھەفتەنامەی (باس) ئاشکرایان کردبوو کە لە رۆژانە 350 ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەڕێگای تانکەرەوە دەبرێت بۆ ئێران و بەشێک لە داھاتی ئەو نەوتەش دەدرێت بە گرووپی خیانەتکاری 16ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی کە کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد.











باسنیوز
Top