یەپەگە وەڵامی تۆپبارانی سوپای تورکیا دەداتەوە
بەپێی هەواڵی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، شەوی چوارشەممە 18/1/2018 سوپای تورکیا گوندەکانی جندرێس، شەرا، شێراوا و راجۆی لە کانتۆنی عەفرین تۆپباران کردوو.
هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، یەپەگە لەبەرامبەر ئەو تۆپبارانەی سوپای تورکیا، چەند خاڵێکی سەربازیی سوپای تورکیایان لە ناوچەی ئەعزاز کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک سەربازی تورکیا بریندار بوونە.
ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا رەتی کردووەتەوە سوپای وڵاتەکەی شاری عەفرینی بۆردومان کردبێ و رایگەیاندووە، یەپەگە بارەگاکانی سوپای تورکیای کردووەتە ئامانج و سوپای تورکیاش سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 18/1/2018 وەڵامی ئەو هێرشانەی یەپەگەی داوەتەوە.
پێشتر چەند جارێک رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، کە ئەوان هێرش دەکەنە سەر عەفرین و دەجنە ناوییەوە، سوپای تورکیاش هێزێکی زۆری بردووەتە سەر سنووری شارەکە.
لە رۆژی شەممە 13.1.2018ـەوە، سوپای تورکیا چەند جارێک تۆپبارانی شاری عەفرینی کردووە و پێشتریش پەکەکە هۆشداریی دابوو و رایگەیاندبوو، کە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا ”پەکەکە شەڕ دەباتە هەموو تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.
باسنيوز
