یەپەگە وەڵامی تۆپبارانی سوپای تورکیا دەداتەوە

 یەپەگە وەڵامی تۆپبارانی سوپای تورکیا دەداتەوە
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان وەڵامی تۆپبارانی سوپای تورکیا دەداتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە، شەوی چوارشەممە 18/1/2018 سوپای تورکیا گوندەکانی جندرێس، شەرا، شێراوا و راجۆی لە کانتۆنی عەفرین تۆپباران کردوو.

هەروەک ئەو میدیایانە باسی دەکەن، یەپەگە لەبەرامبەر ئەو تۆپبارانەی سوپای تورکیا، چەند خاڵێکی سەربازیی سوپای تورکیایان لە ناوچەی ئەعزاز کردووەتە ئامانج و ژمارەیەک سەربازی تورکیا بریندار بوونە.

ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا رەتی کردووەتەوە سوپای وڵاتەکەی شاری عەفرینی بۆردومان کردبێ و رایگەیاندووە، یەپەگە بارەگاکانی سوپای تورکیای کردووەتە ئامانج و سوپای تورکیاش سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 18/1/2018 وەڵامی ئەو هێرشانەی یەپەگەی داوەتەوە.

پێشتر چەند جارێک رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، کە ئەوان هێرش دەکەنە سەر عەفرین و دەجنە ناوییەوە، سوپای تورکیاش هێزێکی زۆری بردووەتە سەر سنووری شارەکە.

لە رۆژی شەممە 13.1.2018ـەوە، سوپای تورکیا چەند جارێک تۆپبارانی شاری عەفرینی کردووە و پێشتریش پەکەکە هۆشداریی دابوو و رایگەیاندبوو، کە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا ”پەکەکە شەڕ دەباتە هەموو تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.








باسنيوز
Top