بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو: ھەر کوردێک بگەڕێتەوە بۆ خورماتوو ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە
رۆژی پێنجشەممە 18/1/2018، کاوە مەلاپەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕاگەیاند: "بە ھۆی داگیرکردنی خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ھەر کوردێک بگەڕێتەوە بۆ خورماتوو، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە ھیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی ژیانیان نییە".
ڕوونی کردەوە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رۆژ لە دوای رۆژ کردەوەی توندوتیژی دژ بە ھاووڵاتییان زیاتر ئەنجام دەدەن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی کورد بە رۆژ دەچنەوە بۆ خورماتوو و سەردانی ماڵە سووتاو و ڕووخێنراوەکانیان دەکەن، بەڵام بە شەو لە شارەکە دەردەچن، چونکە ”شارەکە ھیچ ئارامییەکی تێدا نەماوە“.
جەختی کردەوە، دۆخی خورماتوو تایبەتمەندی خۆی ھەیە و میلیشیاکان بەشێوەیەکی نامرۆڤانە پەلاماری خەڵک دەدەن و ئەوەی بەسەر ئەو شارەدا ھێنایان، بە سەر ھیچ شوێنێکی تر نەھاتووە، بۆیە تا ھێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆ خورماتوو، ”با خەڵکیش نەگەڕێتەوە“.
ڕوونی کردەوە، ھەڵسوکەوتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بەعسییەکان خراپترە و ئێستا ھەر کوردێک بگەڕێتەوە، سووکایەتی پێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، چەند کەسێک کە خۆیان وەک کەسایەتی ناساندووە، سەردانی قایمقامەکەی حەشدی شەعبییان کردووە لە خورماتوو و پاشان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خەڵک بگەڕێتەوە بۆ خورماتوو، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی و حزبی لە خورماتوو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ھەر کوردێک بگەڕێتەوە بۆ خورماتوو، ژیانی پارێزراو نابێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
