یەکێتیی بە سەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەسووڵ کۆبوونەیەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات

 یەکێتیی بە سەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەسووڵ کۆبوونەیەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بەسەر پەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام دەدات و بەرپرسێکی باڵای یەکێتیش ڕای دەگەیەنێت کە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی کۆنگرە و هەڵبژاردنەکان دەدەن.



مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاند: ”بڕیارە ڕۆژی شەممە 20/1/2018، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە سەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەوسوڵ کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و بەشداریکردنی یەکێتی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق دەدرێت“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کۆبوونەوەکەیان ”چارەرەنووسساز“ دەبێت، چونکە ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەشداری دەکەن و ”بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر چەند پرسێکی گرنگ دەدرێت“.



مستەفا چاوڕەش، ئاماژەی بەوەش دا، ھەرچەندە لیژنەیەکی باڵا بۆ بەستنی کۆنگرە پێکھێنراوە، بەڵام ”ئێمە کۆنگرە بە زەروورەتێکی گرنگی حزبەکەمان دەزانین، بۆیە ئەگەرێکی زۆر ھەیە بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆژی بەستنی کۆنگرە دیاری بکرێت“.



پێشتر (باسنیوز) ئەوەی ئاشکرا کرد کە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی کاریگەریی سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی یەکێتی کەم بکەنەوە و لە کۆنگرەی داهاتووی حزبەکەدا دووریان بخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتیدا مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتاییان لەبارەیەوە بۆ نەدراوە و نەیانتوانیوە کۆبوونەوەی دووەم ئەنجام بدەن.




باسنیوز
Top