خانەقین.. ھێزێکی عێراقی لە خانەقین دوو گەنجی کورديان رفاند

خانەقین.. ھێزێکی عێراقی لە خانەقین دوو گەنجی کورديان رفاند


بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، ھێزێکی عێراقی لە بەغداوە ھاتوون بۆ خانەقین و دوو گەنجی کوردیان بردووە و ھۆکارەکەشی تائێٍستا نازانرێت.



ئەمڕۆ چوارشەممە 17/1/2018، شێخ جەعفەر شیخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھێزێک لە بەغداوە ھاتوونەتە خانەقین بە دوای دوو کەسدا گەڕاون و پاشان ئەو دوو کەسەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە یەکێک لەو کەسانەش ناوی (عەباس عومران)ە پێشتر پۆلیس بووە".



بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، ئەوەشی خستە روو، کە ھاوکات ھێزەکە کەسێکی تریان دەستگیرکردووە بە ناوی ئەکبەر حوسێن، کە تازە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە، گوتیشی: "تائێستا نازانین ھۆکاری بردنی ئەو دوو کەسە بۆ چییە، ھەردوو ھاووڵاتییەکەش کوردن".



ئاشکراشی کرد، کە لە ناوچەی تبجی سەر بە شارەدێی جەلەولا، بۆمبێکی چێنراو تەقێنرایەوە و لە ئەنجامدا سێ پۆلیس کوژراون شەشی دیکەش بریندارن.



شێخ جەعفەر شیخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ (باسنیوز)، گوتیشی: "دۆخی سنوورەکە باش نییە، چونکە بەراستی ئەو ناوچەیە کاتێ کە تیرۆریستانی قاعیدەشی لێ بوو ھەر کۆنتڕۆل نەدەکرا بەتایبەت ناوچەکانی قەرەتەپە، جەبارە و تا دیتە ناوچەی سەعدییە، حەوزی حەمرین ھەتا دێتەوە دەڤەری نەدا".
bas news-
Top