وەزارەتی پێشمەرگە: لە كۆبوونەوەی دابێ، هۆكاری دەركردنی نوێنەرەكانمان دەخەینە بەر باسەوە
رێككەوتی ١٥/١ـی ئەمساڵ، بە نووسراوێكی فەرمی، وەزارەتی بەرگریی عێراق دەركردنی هەر سێ نوێنەرەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی لە وەزارەتەكەیان ڕاگەیاندووە، ئەوەیش لە كاتێكدایە هەوڵەكان بۆ گفتوگۆی نێوان ناوەند و هەرێم چڕتر بوونەتەوە، عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "ئەو كارەی كراوە، جۆرێكە لە داخستنی دەرگای گفتوگۆ".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بوونی نوێنەرەكانیان لە وەزارەتی بەرگری بە باش دەزانێت، وەك چۆن ئەوانیش نوێنەریان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هێمایشی بۆ ئەوە كرد، كە دەبێت وەك هەر حاڵەتێكی دیكە ببێتە جێی باس و لێكۆڵینەوە.
گوتیشی، "پێویستە لە دانیشتنەكاندا بە ئامادەبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بێگومان دەشبێتە باسی كۆبوونەوەی دابێی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری".
لەمەڕ وادەی هەردوو وەزارەتیش، حیكمەت ئاماژەی دا، تا ئێستا هیچ بەرنامە و پلانێك بۆ كۆبوونەوە نییە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە هەیە، وەلێ كات و ساتی دیار نییە.
kdp-
