زێباری: پێویستە لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی خورماتوودا لایەنی نێودەوڵەتی بەشدار بێت
د. دیندار زێباری، سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند: لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هەزاران هاووڵاتیی كوردی دانیشتووی ناوچە جێناكۆكەكان لە ترسی هێرشەكانی سوپای عێراق و میلیشیاكانی، ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ هێشت، دەیان هاووڵاتیش بوونە قوربانی و دووچاری دەستگیركردن و كوشتن بوونەوە و سەدان ماڵ و شوێنی بازرگانی و دەزگاكانی ڕاگەیاندن سووتان و وێران كران، بەتایبەتی لە خورماتوو، بۆیە ئێمە داوامان لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان كرد، بەتایبەتی ڕێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و یۆنامی بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنرێت، لە هەمان كاتدا زانیاری و داتای وردمان دەربارەی پێشێلكارییەكانی سوپای عێراق بەرامبەر بە خەڵكی خورماتوو، بەتایبەتی بەرامبەر كوردان.
زێباری گوتی: ئێمە لە كۆمیتەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان پێشوازی لە لێدوانەكانی لین مهعلوف، بهڕێوهبهری توێژینهوهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست له ڕێكخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی "ئهمینیستی ئینتهرناشناڵ" دەكەین و بە هەنگاوێكی ئەرێنیی دادەنێین لە لایەن ئەو ڕێكخراوە، چونكە ددان بە بوونی پێشێلكاریدا دەنێت، كە بە هەموو شێوەیەك دەرهەق بە كوردانی خورماتوو كراوە و بووەتە هۆی ئەوەی سهدان خانووی هاووڵاتییان و ماركێت و دووكان له گهڕهكه كوردنشینهكان تووشی ڕووخان و سووتاندن و وێرانكاری ببنەوە و له ماوهی تهنیا چهند خولهكێكدا ههزاران هاووڵاتی بێ ماڵوحاڵ و سهروهت و سامان مانهوه.
دیندار زێباری لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ئێمە هەر لە سەرەتاوە داوامان كردووە كە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەكان لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەكان بۆ ڕووداوەكانی خورماتوو پێك بهێنن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی كوردانی دانیشتووی خورماتوو ببنەوە، چونكە ئەو تاوانانەی دەرهەقیان كراوە زۆر گەورە و قێزەوەن بوون و هیچیان لە جینۆساید كەمتر نەبوو، وەك گرتن و كوشتن و دەركردن، سووتانی ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان و چەندین تاوانی دیكەش و لەم بارەیەشەوە زیاتر هاووڵاتییانی كوردی ئەو ناوچانە و توركمانە سوننەكان بوونە قوربانی و تا ئێستاش بە هەزارانیان لەبەر هەڕەشەی میلیشیاكان لە شارەكانی كوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بۆیە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەكان هەرچیی زووە بیر لە چارەسەركردنی گرفتی ئەم ئاوارانە بكەنەوە.
لە كۆتاییدا دیندار زێباری دەڵێ، وێڕای ئەوەی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ بەداوادچوونی ڕاستییەكانی خورماتوو لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانین، لە هەمان كاتدا داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان دەكەین، ڕۆڵیان لەو لیژنەیەدا هەبێت بۆ ئەوەی لیژنەكە زیاتر بێلایەن بێت و كارەكانی بە شەفافی ئەنجام بدات. لە هەمان كاتدا پێویستە دەرەنجامی كارەكانی لیژنەكە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت و ئەو كەس و لایەنانەی پێشێلكارییان ئەنجام داوە، ئاشكرا بكرێن و لەسەر تاوانەكانیان سزا بدرێن و قوربانیان قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەها پێویستە هەرچی زووە لایەنە نێودەوڵەتییەكان هەوڵ بدەن ڕەوشی ناوچەكە ئاسایی بكرێتەوە و ڕێگا خۆش بكەن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
kdp-
