حەفتەی دابێ شاندێکی وردبینیی بەغدا دێنە هەرێم
لیژنەی وردبینیی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڵاو کردەوە، کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە و تێیدا ھاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧-١-٢٠١٨ ، کاتژمێر ۹ی بەیانی، دووەم کۆبونەوەی لێژنەی وردبینیی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدڕاڵ ئەنجام درا بە ئامادەبوونی سەڕۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵا و ڕاوێژکاری داراییی وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستیی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی بایۆمەتریی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی داراییی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ .
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا، تیمەکانی چاودێریی داراییی عێڕاقی فیدڕاڵ کە پێک دێن لە ١٦ وردبین، بە چوار تیم دابەش دەکرێن و حەفتەی داھاتوو سەردانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەکەن بە مەبەستی دەستکردن بە پڕۆسەی وردبینیی لیستی مووچەخۆرانی ھەردوو وەزارەت لە ڕێگەی وەرگرتنی چەند نموونەیەک، ھەروھا لیژنەکە ڕەزامەندیی دەڕبڕی لەسەر بەرزکردنەوەی پێشنیاری نوێنەرانی وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ پێدانی مووچەیەکی تەواو لەگەڵ دەستپێکردنی کاری لیژنەی وردبینی بۆ ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ .
ئەوەش خراوەتەڕوو، پەلە بکرێت لە پڕۆسەکە و جەخت کرایەوە کە لیستی بایۆمەتریی حکوومەتی ھەرێم بکرێت بە بنەما بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ شاندی حکوومەتی عێراق کۆ بوونەوە.
kdp-
