خەسرۆ گۆران: پارتی لە نەینەوا و شنگال بەشداریی هەڵبژاردن دەکات

 	 خەسرۆ گۆران: پارتی لە نەینەوا و شنگال بەشداریی هەڵبژاردن دەکات
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەشداریی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات و بڕیاری بایکۆت تەنیا بۆ ھەردوو پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدینە.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە بڕیاری بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنمان تەنیا بۆ سنووری ھەردوو پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدین دەرکردووە و پارتی بەشداریی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا و قەزای شنگال و مەخمووردا دەکات و تا ئێستا بڕیاری بایکۆتمان بۆ پارێزگای نەینەوا نەداوە و بەشداری دەکەین."

لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا لە سنووری پارێزگای نەینەوا، کورد ٨ کۆرسی بەدەست ھێنا و لەوانەش ٦ کۆرسی ھی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.

لەبارەی ئەوەی پارتی بنکە و بارەگای لە سنووری پارێزگای نەینەوا داخستووە بە ھۆی داگیرکرانی ئەو ناوچانەوە و، کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان، خەسرۆ گۆران دەڵێ: "زۆرینەی جەماوەری ئێمە لە پارێزگای نەینەوا نەماوە و ئێستا ئاوارەن لە ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوە کاریگەریی ئەوتۆی نابێت لەسەر بەشداریکردنی ئێمە"

بڕیارە لە ڕۆژی ١٢/٥/٢٠١٨ پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچن و مەکتەبی سیاسیی پارتی بڕیاری داوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدین بەشداری ئەو ھەڵبژاردنە نەکات.


kdp-
Top