ڕاوێژکارێکی یەکگرتوو: خۆمان بە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییەوە ھەڵناواسین

 ڕاوێژکارێکی یەکگرتوو: خۆمان بە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییەوە ھەڵناواسین
ڕاوێژکارێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە یەکگرتوو بەڕێزەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کشاوەتەوە و وەک ھەندێک لایەنی سیاسی نەبووە کە لە حکوومەت بکشێتەوە، بەڵام وەزیرەکانی لەناو حکوومەتدا مابێتنەوە، دەشڵێت "یەکگرتوو خۆی بە کۆمەڵ و گۆڕاندا ھەڵنواسیوە".


ڕێبوار سەید گوڵ، ئەندامی ڕاوێژکاری باڵای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند:" کشانەوەی یەکگرتووی ئیسلامی، لە کابینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری فەرمیی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکەمان بووە، لایەنگرانیشمان ڕێز لە بڕیارەکە دەگرن".

ئەندامی ڕاوێژکاری باڵای یەکگرتووی ئیسلامی، ئەوەشی خستە روو کە یەکگرتوو لە بەر خاتری گۆڕان و کۆمەڵ لە حکوومەت نەکشاوەتەوە، گوتیشی: "بۆیە کشانەوەمان لە حکوومەت خۆھەڵواسین نییە بە کۆمەڵ و گۆڕانەوە، ھەورەھا کە تائێستاش لە حکوومەتی ھەرێمدا ماوینەتەوە، لەبەر خاتری یەکێتیی و پارتی نەبووە".

ڕێبوار سەید گوڵ، ڕاوێژکاری باڵای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، جەختی لەوەش کردەوە: "یەکگرتوو بەڕێزەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کشاوەتەوە و وەک ھەندێک لایەنی سیاسی نەبووە کە لە حکوومەت بکشێتەوە، بەڵام وەزیرەکانی لەناو حکوومەتدا مابێتنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە 16/1/2018، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کشانەوەی خۆی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لە کاتێکدا تەنیا چەند مانگێک ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان.










باسنیوز
Top