گوتەبێژی یەپەگە: وەڵامی سوپای تورکیا دەدەینەوە و بەرگری دەکەین
نوری محەمەد، گوتەبێژی یەپەگە بە میدیاکانی منزیک لە پەکەکەی راگەیاندووە، کە دوژمنان یەپەگە بە کەم سەیر دەکەن، بەلام ئەو هێزە بەرگریی دەکات و داگیرکاریی تێک دەشکێنێت.
نوری محەمەد هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو شەڕڤانانەی شاری کۆبانێیان لە دژی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پاراست، ئێستا لە شاری عەفرین جێگیر بوون و ئەو شارەش لە داگیرکاریی تورکیا دەپارێزن.
گوتەبێژی یەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سوپای تورکیا ”خەیاڵ دەبینی“ بە داگیکردنی شاری عەفرین بە یەک هەفتە، چونکە خەڵکی شارەکە و شەڕڤانان بەرگریی دەکەن و ناهێڵن شارەکە بکەوێتە دەست سوپای تورکیا.
هەروەک نوری محەمەد رایگەیاندووە، پەرلەمانی تورکیا لەجیاتی تاوتوێکردنی کێشەکانی وڵاتەکەی، پرسی داگیرکردنی عەفرین دەخاتە بەرباس.
پێشتر چەند جارێک رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، کە ئەوان هێرش دەکەنە سەر عەفرین و دەجنە ناوییەوە، سوپای تورکیاش هێزێکی زۆری بردووەتە سەر سنووری شارەکە.
باسنيوز
لە رۆژی شەممە 13.1.2018ـەوە، سوپای تورکیا چەند جارێک تۆپبارانی شاری عەفرینی کردووە و پێشتریش پەکەکە هۆشداریی دابوو و رایگەیاندبوو، کە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا ”پەکەکە شەڕ دەباتە هەموو تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست“.
