ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: یەکێـتی نایەوێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: یەکێـتی نایەوێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاشکرای کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە موزایەدە، باشتر وایە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. ئەوەشی نەشاردەوە کە یەکێتی نایەوێ لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: ”بۆ ئەوەی کۆتایی بە موزایەدەی حزبەکان لە بابەتی حکوومەت بھێنین، باشتر وایە ھەڵًبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، چونکە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دۆخەکە ئاسایی دەکاتەوە و کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان دێنێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، تاکە لایەنێکی سیاسییە کە بە ئاشکرا داوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی کوردستانی کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش کاندیدەکانی خۆی دیاری کردووە و پارتی بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکاندایە لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا.

عەلی عەونی جەختی لەوە کردەوە: ”پێویسە ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ناکرێت حزبەکان پاساوی بێ بنەما بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بھێننەوە، چونکە بەغدا کە ناوەندێکی ئیرھابە و ڕۆژنە تەقینەوە ڕوودەدات، ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنەکان دەکات، بۆچی ئێمە کە هەرێمەکەمان ئارامە، ھەوڵی دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بدەین“.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی ڕەخنەی لە حزبەکان گرت، بەوەی ”کاتێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی دارایی نەبوو و ھەموو حزبەکان لە حکوومەتیان دەخوارد، کێشەیان نەبوو“، بەڵام ئێستا کە حکوومەت لە قەیرانی دارایی دایە، ”بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان چەند مانگێک پێش ھەڵبژاردنەکان لە حکوومەت کشاونەتەوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە کە ئایا بەشێکە لە دەسەڵات یان بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆن. گوتیشی: ”یەکێتی ھیچ ئامادەکارییەکی بۆ ھەڵبژاردن نەکردووە، چونکە دیارە بەھۆی پەرتەوازەیی کێشە ناوخۆییەکانیانەوە، نایانەوێ ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەبۆچوونی من ھەموو حزبەکان خۆیان لە ھەڵبژاردن دەدزنەوە، بەڵام ئێمە پێمان باشە لەپێناو حزبێکدا ھەڵبژاردنەکان دوانەخرێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەکاتی خۆیدا ھەڵبژاردنەکان بکەین و چارەسەری گرفتەکان بکەین“.









باسنيوز
Top