پەرلەمانتارێكی كەركووك: سێ مانگ بەسەر خیانەتەكە تێپەڕیوە و خاكفرۆشان سزا نەدراون
پەرلەمانتارەكەی كەركووك لە پۆستێكدا كە ئەمڕۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی "سێ مانگ تێپەڕیوە لە جیاتی پاشەکشەی کورد لە پرۆسەی سیاسی تا ئەو کاتەی پێشمەرگە و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە، کەچی پێشبڕکێی ئەوە دەکەن کێ زوو دەگاتە بەغدا و بەڵێنی نۆکەری دووپات دەکاتەوە".
شاخەوان عەبدوڵا نووسیویەتی "سێ مانگ تێپەڕیوە خاکفرۆشان سزا نەدراون، سێ مانگ تێپەڕی، لە جیاتی ئەوەی هەموو کورد بایکۆت بکەن و فشار دروست بکەن یان بەیەک دەنگی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و ئەوەی کاڵفامەکان لەدەستیان دا، بەدەنگی خەڵک بەدەستی بهێننەوە، ئەندازیارانی دووبەرەکی گەیشتنە کەرکووک و پارتە سیاسییەکانی کەرکووکیشیان پارچەپارچە کرد".
هەروەها دەنووسێ "سێ ساڵ تێپەڕی، عەبادی درۆی ئەوە دەکات مووچە دەنێرێت، کەچی هێشتا خەڵکی ئێمە بڕوای پێدەکەن، سێ مانگ تێپەڕیوە بەسەر گەندەڵکاران، ئەوانەی دار و بەردی کەرکووکیان فرۆشت، هێشتا سزا نەدراون، سێ ساڵ تێپەڕی دەیان ئەندام پەرلەمانی خۆفرۆش و خاکفرۆشی کورد لە بەغدا لە دژی کورد کار دەکەن و کەس سزایان نادات".
پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بەوەش داوە كە ساڵی ٢٠١٨یە هێشتا بەرپرس هەیە لە کوردستان، بە سێ ئۆتۆمبێلی پڕ پاسەوان دەسوڕێتەوە، پارەی خواردن و بەنزینی ئۆتۆمبێلەكانیشی لەسەر حکومەتە. لە هەرێمێکین بەرپرس هەیە ١٠ ساڵ زیاتر لە پۆستێکە، نە خۆی چۆڵی دەکات، نە کەس جورئەتی لادانی ئەکات. لە هەرێمێکدا دەژین لەجیاتی بڕینی موچەی بندیوارەکان و هەزاران پاسەوانی بێ وجود، موچەی پێشمەرگە کەم دەکەینەوە".
bas news -
