گۆڕان و هاوپەیمانیی بەرهەم ساڵح دەست لە دۆخی خراپی یەکێتی وەردەدەن
لە ماوەی رابردوودا، فەرید ئەسەسەر ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رای گەیاند، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ھەڵوەشاوەتەوە و ھیچ کەسێک نە کارگێڕی مەکتەب سیاسییە و نە ھیچ کەسێکیش ئەندامی مەکتەبی سیاسییە. دواتر ماڵپەڕی (چاودێرنیوز)ی نزیک لە مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەڵامێکی توندی ئەو سەرکردەیەی یەکێتیی بەناوی سەرچاوەیەکی نزیک لە دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دایەوە و تیایدا وەکوو توانجێک لە قسەکانی نوسیبووی: “دیارە ھێشتا ماویەتی ئەسەسەرد وێرانتری بکات، چونکە ئەرکە لەمێژینەکەی تەواو نەکردووە”.
ھەر لەو ماڵپەڕەدا نووسەرێک بەناوی شێخ ئەحمەدی قەرەداخی، لە وتارێکیدا ئاماژە بەوە داوە کە باڵێکی ناو یەکێتی خەریکە پیلانەکانیان بۆ دەچێتە سەر، تیایدا نووسیویەتی: “ئەگەر لەم چەند مانگەدا، یەکێتی کە ھەتا ئێستاش نەکەووتوەتە ناو تەڵەی پیلانگێڕییەوە، فریا نەکەون و کۆنگرە نەبەستن، بێ گومان د.بەرھەم و دەروبەرەکەی، زەمینەیان بۆ پیلانی گەورە خۆش بووە”.
ھەر لەدوای گەڕانەوەی کۆسرەت رەسوڵ بۆ سلێمانی ھەوڵ دەدرێت کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی بەیەکەوە ببەسترێت، بەڵام بەھۆی قوڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانەوە نەتوانراوە ئەو کارە ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رای گەیاند، بەلای ئەوانەوە گرنگترین شت کە بۆ یەکێتی چارەنووساز بێت ئێستا پرسی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقە، بەتایبەت کە یەکێتی دەزانێت، ھەرگیز ناتوانێت ژمارەی ئەو کورسییانە بەدەست بھێنێت کە لە ھەڵبژاردنی پێشوودا ھێناویەتی، بەڵام باڵەکانی دیکەی یەکێتی نیازی دیکەیان ھەیە و دەیانەوێ لەڕێگەی کۆنگرە و کۆبوونەوەی سەرکردایەتییەوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی بدەن.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی زۆری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێیان وایە کە ھۆکاری سەرەکیی لاوازبوونی یەکێتی و ئەوەی لە ھەڵبژاردندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرە و لەوەش خراپتر ئەوەیە تا ئێستا ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو ڕووداوە و یەکێتییان بەم دەردە گەیاندووە، لێکۆڵینەوەیان لە گەڵدا نەکراوە.
سەرچاوەکەی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راشی گەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان گرووپی خیانەتکاری ١٦ ئۆکتۆبەر بەر لە ھەڵبژاردن و کۆنگرە سزای خۆیان وەربگرن، ئەگەر نا ھەموو یەکێتی باجی ئەو خیانەتە دەدات.
لای خۆیەوە مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، وادەی بەستنی کۆنگرە چەند ساڵێکە تێپەڕی کردووە و دەبوو لە کاتی خۆیدا بکرایە، بەڵام بەھۆی ئەو بارودۆخەی کوردستان و عێراق کۆنگرەی ھەموو لایەنەکان دواکەوتووە، گوتی: ”راستە کۆنگرە زەڕووڕە بکرێت، بەڵام دەبێ ئەو کۆنگرەیەی کە دەکرێت بۆ ھەمووان بێت، لەگەڵ ئەو کێشە ناوخۆییانەی کە ھەمانە نابێ لایەک بۆ شکاندنی پشتی ئەوەی دیکە بێت، بەڵکوو دەبێت کۆنگرە بۆ چارەسەری کێشەکان و دانانی پەیڕەوێکی ناوخۆیی نوێ بێت کە ھەموومان لەسەری رێک بکەوین”.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، راشی گەیاند، ھەڕەشە لەسەر کوردستان ھەیە و گرنگە ھەموو لایەک خۆیی بۆ ئامادە بکات، گوتی: ”عێراق دەیەوێ کوردستان لاواز بکات، ئەوەتا بزانن کەرکووک چی بەسەرھاتووە؟ لەبەرئەوە دەبێت ئەو کۆنگرەیە بۆ ئەوە بێت یەکێتی بەرنامەی باشی تیادا دابێت بۆ داھاتوو کە بتوانێ پەیوەندیی باشی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکاندا ھەبێت، لەبەرئەوە پێویستمان بە سەرکردایەتییەکی نوێ ھەیە کە بتوانێ ئیدارەی یەکێتی تا کۆنگرەیەکی دیکە بکات”.
لەبارەی مەترسیی ئینشیقاقی ناو یەکێتییش، ئەو سەرکردەیەی یەکێتی رای گەیاند، ترسیان نییە لە پێش کۆنگرە یەکێتی ئینشیقاقی تێ بکەوێت، بەڵام ئەگەر کۆنگرە بۆ ھەمووان نەبێت و بۆ شکاندنی لایەک بێت، ئەوە ھەموو شتێک تیایدا چاوەڕوانکراوە کە ھیواخوازن ئەوە نەبێت و کۆنگرەکە وەفایەک بێت بۆ مێژوو و رابردووی یەکێتی.
بەڵام، شێرزاد زەکەریا چاودێری سیاسی رای گەیاند، یەکێتی بەو دۆخەیەوە توانای ئەنجامدانی کۆنگرەی نییە، گوتی: ”دۆخی ناوخۆی یەکێتی لە ئان و ساتی تەقینەوەدایە و یەکێتی بەر لە ئەنجامدانی کۆنگرە پێویستە کێشە و ململانێکانی ناو باڵەکانی کەم بکاتەوە، چونکە بەو شێوەیە چوونە ناو کۆنگرە ئەگەری تەقینەوە و ئینشیقاقی لێ دەکرێت بۆ چەند باڵێک، لەوانە باڵی کۆسرەت رەسوڵ و مەکتەبی سیاسی و باڵی ھێرۆ ئیبراھیم و دەستڕۆشتووی یەکێتی، تەنانەت لەناو ماڵی بنەماڵەی تاڵەبانی ناکۆکی ھەیە و ئەگەری باڵ و گرووپی دیکە ھەیە، جگە لەو باڵەی ئێستا لە سەرکردایەتیی یەکێتیشدا دروست بووە”.
ئەو چاودێرە راشی گەیاند، درک بە بوونی دەستوەردان لە ناوخۆی یەکێتیدا بەتایبەتی لەلایەن گۆڕان و ئەو لیستەی (بەرھەم ساڵح)یش دروستی کردووە دەکرێت، چونکە بەحوکمی ئەوەی بەشێک لە یەکێتی لە رووی فکرەوە لەوان نزیکە ئەوانیش پێیانوایە ھەر دابەشکارییەکی دیکە لە یەکێتیدا روو بدات بە قازانجی ئەوان دەبێت، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستا کە بەرەو ھەڵبژاردنە، گوتیشی: ”یەکێتی لەم قۆناغە باشترە جۆرێک لە رێککەوتن لە ناوخۆیدا دروست بکات ئەوکات بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرە بدات”.
باسنيوز
